مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە و مەترسیی بۆ دراوسێکانمان

(0) / / کردستان / زایەڵە مەسرور بارزانی دراوسێ کوردستان تورکیا


Feb 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی تورکیا کرد و رایگەیاند، "خواستی هەرێمی کوردستانمان بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش دووپاتکردەوە." دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە و مەترسیی بۆ دراوسێکانمان." 
 
 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کرد. مەسرور بارزانی رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کرد. جەختمان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاریی هاوبەش لە پێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و هاوخەمیی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان "وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت و رێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسیی بۆ دراوسێکانمان."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، "گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو."