رۆژی چوارشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان ئەنجام دەدرێت
(0) /
زایەڵە - مامۆستایانی نارازی پارێزگای هەڵەبجە و هەرسێ قەزای شارەزوور، سەیدسادق، پێنجوێن رەتیدەکەنەوە بایکۆت بشکێنن و دەڵێن: بەردەوام دەبین لە بایکۆت و سزاکان تەنها بۆ فشارە و لە سەرچاوەی باڵای دەسەڵاتەوە، زانیاری وردمان پێگەشتووە کە تەواوی سزاکان هەڵدەوەشێنرێنەوە
لە بەیاننامەیەکدا مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەیان بەوەشکردووە کە وەک نوێنەری سەرپەرشتیارانی ناڕەزایەتییەکان، بەوپێیەی لە یەک سنووری جوگرافیداین و لەیەک ئاڕاستەی دیاریکراوی حکومیی و حیزبییەوە، فشارەکان شۆڕدەبنەوە بۆ خوار، ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی گرنگ و تایبەتمان ئەنجامدا؛ تیایدا بڕیارماندا:
1ـ هەماهەنگی لەنێوانماندا زیاتر بکەین و تا کۆتایی پشتی یەک بەرنادەین. #پێکەوە_بەرەنگاری هەر بەربەستێک دەبینەوە؛ هاوکات ئەم هەماهەنگییە لەنێوان شارەکانی دیکەش، زیاتر و پتەوتر ئەکەین.
2ـ پێکەوە ڕۆژی چوارشەممە 14/ 2/ 2024 بەرفراوانترین خۆپیشاندان وەک شارەکانی تر، ئەنجامدەدەین.
3ـ لە ئەگەری بەدەمەوەنەهاتنی دەسەڵات بەزوویی ڕێکاری تووند و کاریگەر دەگرینەبەر؛ بۆ ئەم مەبەستەش کەسی یەکەمی حکومیی ئەم زۆنە دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی هەر ئەگەرێک کە لە پێشمانە.
4ـ درێژە بە بایکۆت ئەدەین و میکانیزمی نوێ جێبەجێ دەکەین، بۆ ئەوانەشی گەڕاونەتەوە بۆ دەوام لە شار و شارۆچکەکانی تر.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا مامۆستایانی ناڕازی دڵنیایی دەدەن بە ماماۆستایان و دەڵێن:”هەموولایەک ئەدەین بابەتی سزاکان تەنها بۆ فشارە و لە سەرچاوەی باڵای دەسەڵاتەوە، زانیاری وردمان پێگەشتووە، کە تەواوی سزاکان هەڵدەوەشێنرێنەوە”.
کەویار عزیز
تێبينيێك بنێرە: