سبەی لەسەرجەم ناوچەکان باران دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە باران لافاو


Feb 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند: سبەی پێنجشەممە، لە ئەنجامی کاریگەری مامناوەندی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست وقوڵبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و نیمچە دوورگەی عەرەبی کە بارستە هەوایەکی زۆر شیداری لەگەڵدا دەبێت، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە درێژایی کاتەکان هەوری تەواو دەبێت لە سەرجەم ناوچەکان، لە خانەقینەوە تاوەکو زاخۆ هەورە بروسکە و لێزمە باران دەبێت لە زۆربەی کاتەکان، لەگەڵ تاوە بارانی بەهێز لە هەندێک کات و شوێندا.

باسی لەوەشکردوە:هاوکات ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و بە تایبەتیش هۆشداری بە دانیشتووانی سنووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان دەدەن، کە پێشبینی بارانێکی زۆر زیاتر لەو ناوچانە دەکرێتو ئەگەری دروستبوونی لافاو بەهێز دەبێت، پێویستە هاوڵاتییان خۆیان لەو شوێنانە بپارێزن کە رێڕەوی ئاوی باراناویان پێدا تێپەڕدەبێت یان نزمن.

ئەوەشی خستەڕوو: کاریگەرییەکانی قۆناغی یەکەمی ئەم شەپۆلە بە چڕی بەردەوامی دەبێت تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی، دواتر لاواز دەبێت و قۆناغی دووەم بە کاتی جیاواز لە ئێوارەی هەمان رۆژەوە دووبارە دەستپێدەکاتەوە، بە چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ لە سەرجەم ناوچەکان و ناو بەناو، ئەم قۆناغەش تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.

کامەران کەریم