دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل: حەماس دەمێنێتەوە و کاریگەر دەبێت

(0) / / جهان / زایەڵە حەماس ئیسرائیل فەڵەستین


Feb 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لەم هەفتەیەدا دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل راپۆرتێکی بەسەر سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیلدا دابەشکردووە و هۆشداری دەدات کە تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل بەرووی سەربازیشەوە حەماس ببەزێنێت، بزووتنەوەکە دەمێنێتەوە و کاریگەر دەبێت.

لە راپۆرتەکەدا کە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە هاتووە، لە ئەگەری سەرکەوتن لەسەر حەماسدا لە غەزە، ئەوە بزووتنەوەکە رزگاری دەبێت و وەک “چەند گرووپێکی چەکداری و تیرۆرستی” دەمێنێتەوە ئەگەر پلانێک نەبێت بۆ گۆڕینی ئەو دەستەیەی کە دەسەڵاتی غەزە دەگرنەدەست.

راپۆرتەکە لەلایەن بەشی توێژینەوەکان لە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل ئامادەکراوە و تێیدا هاتووە، “هێشتا خەڵکی غەزە بە توندی و جدییەوە پشتگیری حەماس دەکەن.”

لەگەڵ نەبوونی هیچ هەوڵێکی کردەیی بۆ دانانی پلانێک بۆ دوای جەنگی غەزە، بۆیە راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی غەزە دەبێتە ناوچەیەکی پڕ لە قەیراناوی.

هاوکات رۆژنامەی ئایلانا دیانی ئیسرائیلی دەڵێت، رۆژی دووشەممەی رابردوو راپۆرتەکە دابەشکراوە بەسەر سەرکردە سیاسییەکاندا دوای هەینی رابردوو لەلایەن گەورە ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیل و بەرپرسانی شاباک و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە.

ئایلانا دیان دەشڵێت، “لانیکەم، ئەو سەرکەوتنە تەواوەتییە بەدەستناهێنرێت کە ناتانیاهۆ پێشبینیکردووە و داوای بۆ دەکات، حەماس لەم هەڵمەتە رزگاری دەبێت و وەک گرووپی چەکداری دەمێنێتەوە.”