بافڵ تاڵه‌بانی:په‌سه‌ندكردنی بودجه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌رێم و به‌غدا
(0)
ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2021ی عێراق بە سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌رێم و به‌غدا، دەزانێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بافڵ تاڵه‌بانی، ھاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له هه‌ولێر پێشوازی له وه‌فدێكی باڵای ئه‌مریكا كرد كه پێكهاتبوون له جه‌نه‌راڵ جۆن تایگه‌رت، گه‌وره ڕاوێژكاری سه‌ربازیی ئه‌مریكا له عیراق و رۆب واڵه‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌رێم و وه‌فدێكی یاوه‌رییان.
له دیدارێكدا كه ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و جه‌لال شێخ ناجی، لێپرسراوی ده‌زگای ھه‌واڵگریی پێشمه‌رگه ئاماده‌یبوون. گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی، ئه‌منی و ئابوورییه‌كانه‌وه كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له ھه‌ماھه‌نگی و ھاریكاری زیاتری نێوان ھه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا كرد له‌پێناو سه‌قامگیری و ئاسایش له ناوچه‌كه.
ھه‌ر له دیداره‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی عیراق كرد و رایگه‌یاند، په‌سه‌ندكردنی بودجه هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی و سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ نزیكبوونه‌وه و لێكتێگه‌یشتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی تر و كۆتاییهاتنی ناكۆكییه‌كان.
جموجوڵی تیرۆرستانی داعش ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو و هه‌ردوولا جه‌ختیان له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه تیرۆرستییه كرده‌وه له‌سه‌ر ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه. هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی پته‌وی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئه‌مریكا به گرنگ وه‌سفكرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر ئه‌ركی هه‌موولایه‌كه و پێویسته هه‌وڵه‌كانمان له‌و پێناوه‌دا چڕ بكه‌ینه‌وه.
هاوشانی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاكسازی له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و راهێنیان، رۆڵی ئه‌مریكا به گرنگ و پێویست ناوبرا و هاوسه‌رۆك داوای هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری له وه‌فده‌كه كرد.
تێبينيێك بنێرە: