سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركووك كۆبووەوە / لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتن
(0) /
زایەڵە - شەوی ڕابردوو، لە بەغدا سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركووك، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و ڕێبەر ئەحمەد كۆبووەوە و تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی شارەكەیان كرد، لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی عێراق، لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركووك ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لە بەغدا سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركووك، بە ئامادەبوونی هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەنەكە و ڕێبەر ئەحمەد و شاخەوان عەبدوڵا بە نوێنەرایەتی پەكەدە كۆبووەوە، تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی شارەكەیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، سوودانی جەختی لەكاری پێكەوەیی و سەقامگیری پارێزگاكە كردووەتەوە، داوای لە هەموو لایەنەكانیش كرد، هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ گەشەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری كەركووك.
لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە بەشداربووەكان لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتن.
یەكەم: بەهۆی گرنگی پارێزگای كەركووك، هەموو لایەنەكان ڕێككەوتن لەسەر لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییانی كەركووك و پاراستنی پێكەوەژیان و بەرزكردنەوەی گیانی برایەتیی و هاوكاری لە نێوانیاندا لەژێر سایەی دەستوودا.
دووەم: ڕێككەوتن لەسەر بنەمای هاوبەشییكردن و سازان و ڕەتكردنەوەی وەلانانی یەكتر وەك بنەمای كاری هاوبەش لە پارێزگای كەركووك.
سێیەم: ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی كەركووك كە سەرجەم هێزە براوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری سیاسیی، كۆبوونەوەكانی ئەو هاوپەیمانێتییەش بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەبێت تا مافە دەستوورییەكان لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی جێبەجێ دەكرێت و ڕێككەوتن لەسەر بەرنامە و میكانیزمی و پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەكە دەكرێت.
چوارەم: ئامادەكردنی بەرنامەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی لە كەركووك كە لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی كەركووك پێكدەهێندرێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی پارێزگاكەوە پەسەندبكرێت.
پێنجەم: پێشكەشكردنی كارنامەی لایەنە سیاسییەكان لە ماوەی حەوت ڕۆژدا، كە تێیدا دیدگای خۆیان لەبارەی بەرنامەیەكی گشتگیر بۆ پارێزگاكە لە خۆبگرێت لەگەڵ میكانیزمی گونجاو بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە ١٦ ئەندام پێكدێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ١٨ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، یەنەكە پێنج ئەندام و پەدەكە دوو ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەی بەدەستهێنا.
تێبينيێك بنێرە: