ئیمارات بە بڕی سێ میلیار دۆلار یارمەتی وەبەرهێنانی عێراق دەدات

(0) / جهان


Apr 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

حکومەتی ئیمارات وەکو دەستپێشخەرییەک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، بە بڕی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراق دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە راگەیێندراوێکی فەرمیی هاوبەشی عێراقی – ئیماراتی، هاتووە کە لە کۆبوونەوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شێخ محەممەد بن راشد ئالمەکتووم، سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی و شێخ محەممەد بن زاید ئالنهیان، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرنگیی پەرەپێدان و بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری، گەشەی بازرگانی، زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاندانی جموجووڵی وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵات و داواش لە سەرمایەدار و کارسازانی هەردوو وڵات کرا سەردانی دوولایەنە بکەن و ئەنجوومەنی کارسازیی عێراقی - ئیماراتی دابمەزرێنن.

لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی ئیمارات رایگەیاندووە، بە بڕی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراق دەکات، دەستپێشخەرییەکە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان و رەخساندنی دەرفەتی نوێی هاوکاری و هاوبەش و بەرەوپێشبردنی رەوڕەوەی گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانە.

وەکو لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، "ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پەیوەندیی برایەتی مێژووییە کە هەردوو وڵات و گەل کۆدەکاتەوە و سووربوونە لەسەر بەهێزکردنی پەرەپێدانی ئاسۆی ئەو پەیوەندییانە، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات".

عێراق ستایشی دەستپێشخەریی ئیماراتی کرد لە دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی منارەی حەدبا، مزگەوتی نووری و ژمارەیەک کەنیسە لە پارێزگای نەینەوا. هەروەها هەردوولا باسیان لە پێویستیی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان کرد بۆ "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". هەردوولا رێککەوتن لەسەر فراوانکردنی هاوکارییەکانیان لە بواری وزە، بەتایبەتی لە وزەی پاک.