عێراق و سوریا یاداشتنامەیەکی لێكتێگه‌یشتن واژۆ ده‌كه‌ن

(0) / / سوریه / زایەڵە عێراق سووریا ئابووری


Feb 22, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - هه‌یام یاسری وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق، یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سامر خه‌لیل وه‌زیری ئابوری و بازرگانی سوریا واژۆكرد كه‌ بریتییه‌ له‌ هاوكاریكردن له‌بواری په‌یوه‌ندییه‌كان و پۆسته‌ زانیاری.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی لیژنه‌ی عێراقی-سوریا به‌ سه‌رپه‌رشتی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هه‌یام یاسری وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سامر خه‌لیل وه‌زیری ئابوری و بازرگانی سوریا واژۆكرد و یاداشته‌كه‌ش هاوكاری له‌ بواره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و ئاڵوگۆڕی پۆسته‌ی نێوان هه‌ردو وڵاتی له‌خۆگرتوه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و وه‌زاره‌تی ئابوری سوریا كراوه‌ته‌وه‌ بۆ هاندانی ڕێكاره‌كانی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، په‌یوه‌ندیكردن، خزمه‌تگوزاری پۆسته‌، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی درێژكردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێكی نێوده‌وڵه‌تی كێبڵی بینایی له‌ سنوره‌كانی هه‌ردو وڵاتدا بۆ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش به‌مه‌به‌ستی كۆنتڕۆڵكردنی ناوه‌ڕۆكی دیجیتاڵی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان.
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ردولا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌ی ته‌كنیكی هاوبه‌ش بۆ به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێكردنی بواره‌كانی هاوكاری و ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌ی جێبه‌جێكردنیان". وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان جه‌ختی له‌ گرنگی هاوكاری نێوان هه‌ردو وڵات له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌كان و زانیاری و پۆستە كرده‌وه‌ و راشیگه‌یاندوه‌، "ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان له‌ هه‌ردو وڵات ده‌كرێت".