رێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم  بۆ پاراستنی ژیانی کرێکار

(0) / / اجتماعی / زایەڵە کرێکار کۆمەڵایەتی کوێستان محەمەد


Feb 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ یەکەمجار 12 مادەی وەک رێنمایی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لەپێناو پاراستنى ژیانى کرێکاران دەرکرد.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، 12 مادەیان وەک ڕێنمایی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لەپێناو پاراستنی ژیانی کرێکاران دەرکردووە و گوتی، “لەبەرئەوەى ساڵانە ژمارەیەکى زۆر کرێکار لە شوێنى کاردا گیانیان  لەدەستدەدا، یان کەمئەندام دەبوون، بەهۆى دابیننەکردنی سەلامەتیى پیشەیى و تەندروستییان، بە گرنگمان زانى ئەم مادانە دەربکەین”.

بەگوێرەی مادەی سێیەم رێنماییەکان، وەزیر بۆى هەیە بڕیارى داخستنى شوێنى کار یان راگرتنى کارکردنى ئامێرێک یان زیاتر بدات، لەسەر راسپاردەى لیژنەى پشکنین، لە کاتى پابەندنەبوونى خاوەنکار بە جێبەجێکردنى رێنماییەکانى تەندروستى و سەلامەتى، تا ئەوکاتەى هۆکارى داخستن یان راگرتنى لادەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا کرێکاران مافى وەرگرتنى تەواوى مووچەیان هەیە لە کاتى راگرتنى کارەکەیان بەگوێرەى یاساى کار.

سەبارەت بە کەلوپەلى سەلامەتى، مادەی حەوتەم خاوەنکار پابەند دەکات بە دابینکردنى پێداویستیى کرێکاران و لەهەمانکاتیشدا دەبێت کرێکار پابەندبێت بە بەکارهێنانى لە شوێنى کاردا.

کوێستان محەمەد باسی لەوە کرد، دەرکردنی رێنمایی لەو شێوەیە بۆ پاراستنی ژیانی کرێکارانە لە شوێنی کار و پابەندکردنی خاوەنکار و کرێکارە بە مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی، لەپێناو پاراستنی ژیانی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت و گوتی، “زۆرجار خاوەنکار هەموو پێداویستییەک دابین دەکات، بەڵام کرێکار بەکاری ناهێنێت”.

سەبارەت بە پاراستنى تەندروستیى کرێکاران، بەتایبەت لەو پرۆژانە ژمارەى کرێکارانى لەنیوان 100 تا 200 کەسدایە، مادەی پێنجەمی رێنماییەکە دەڵێت، دەبێت پزیشکێکیان بۆدابین بکرێت، بە جۆرێک رۆژانە لە دوو کاتژمێر کەمتر نەبێت.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەکانی رابردوودا و لە بەشێکى پرۆژەکاندا، تاڕادەیەک شوێنى خزمەتگوزارى تایبەت بە کرێکاران نەبووە، بەڵام ئەم ڕێنماییە خاوەنکار پابەند دەکات بە دابینکردنى ژورى تایبەت بۆ کرێکاران، کە تەواوى خزمەتگوزارییەکانى تێدابێت، لەگەڵ تەواوى لایەنە تەندروستى وسەلامەتییەکان .

سەبارەت مادەی هەشتەمی رێنماییەکان، کە تایبەتە بە پشکنینى کرێکارانى کارگەکان، کوێستان محەمەد جەختی لەوە کرد، هەرشەش مانگ جارێک دەبێت کرێکاران لە یەکێک لە تاقیگە باوەرپێکراوەکانى وەزارەتى تەندروستى، پشکنین ئەنجام بدەن، لەگەڵ دیارکردنى دۆخى نەخۆشییە پیشەییەکان و حاڵەتە مەترسیدارەکانى کرێکار.

مادەی 10ـی رێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باس لە سروشتی تایبەتی کرێکارانی ژن و خاوەنپێداویستیی تایبەت دەکات و دەڵێت، دەبێت خاوەنکار رەچاوى سروشتى ژیانیان بکات بە مەبەستى پاراستنیان.