ئەنجومەنی داکۆکی لە قەزای کفری دامەزرا

(0) / جهان


Apr 05, 2021

قەبارەی فۆنت:
ئەنجومەنی داکۆکی لە قەزای کفری دامەزرا و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پشتیوانی ئەنجومەنەکە دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەمڕۆ (٥ی نیسان) لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ئەنجومەنی داکۆکی لەقەزای کفری کۆبوەوە و پشتیوانی خۆی بۆیان دوپاتکردەوە.
لە سەرەتای کۆبونەوەکە، ئەندامانی ئەنجومەنی داکۆکی لەکفری باسیان لە ئامانجەکانی دامەزراندنی ئەنجومەکە کرد و رایانگەیاند لەپێناو داکۆکی لەداواکانی قەزای کفری دامەزراوین و ئەمرۆش لەھەنگاوی یەکەمدا سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان کردوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی داکۆکی لەقەزای کفری ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد ئیدارەی گەرمیان لەماوەی رابردوودا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت خزمەتی قەزاکەی کردوە بەڵام دەیانەوێت ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانە زیاتر و بەرفراوانتر بێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە،  جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای ئەوەی ھیوای سەرکەوتنی بۆخواستن رایگەیاند، پاڵپشتی داوا و داخوازییەکانی نوێنەرانی کفری دەکەم بەڵنیشتان پێدەدەم کەلەدابینکردنی بەشە بودجەی گەرمیان کاری زیاتر بکەین بۆ کفری.
وتیشی، قەیرانی دارایی کاریگەری گەورەی ھەبوو لە راگرتنی پرۆژەکان ھەر ئەوەش وایکردووە نەتوانریت پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی گەرمیان بەگشتی و کفری بەتایبەت بوەستێت و نەتوانین پرۆژەی زیاتر بەئەنجام بگەیەنرێت.
ھاوکات، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان مژدەی ئەوەی بەئەنجومەنی داکۆکی کفری دا لەگەل وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی گفتوگۆیانکردوە لەسەرکردنەوەی دووبەشی نوێی پەیمانگای تەکنیکی لەکفری و بەمزوانە رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ ئەو مەبەستە تەواو ئەکرێت.
سەبارەت بە دانانی کارگەی ئاسنی کفریش سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو، پێوستە سەرجەم کارمەند و ستافی کاری کارگەکە لەخەڵکی کفری بێت بۆ ئەوەی دەستی کار و ھەلی کار لەقەزاکە زیاتر ببێت.
کامەران کەریم