سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە

(0) / / عراق / زایەڵە کەرکوک سودانی بافڵ تاڵەبانی


Feb 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بڕیارە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو، بۆ جاری دووەم سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە.

سەرچاوەیەکی سیاسیی  بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە: ئەوە دووەم کۆبوونەوەی لەو جۆرەیە بەسەرپەرشتی سودانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لەگەڵ سەرکردەی سەرجەم هێزە سیاسییە راوەکانی کەرکووک ئەنجام دەدرێت، لەوانە بافل تاڵەبانی، خەمیس خەنجەر،  ئەرشەد ساڵحی، محەمەد تەمیم، شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕەییان کلدانی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگای داهاتوو بۆ کەرکوک دادەنرێت، لەوانەش بڕیاردان لەسەر مانەوەی ئیدارەی ئەمنیی کەرکوک لەدەستی هێزە فیدراڵییەکان، هەروەک هەوڵدەدرێت پۆستەکان پارێزگاکە یەکلایی بکرێتەوە.

باسی لەوەشکردووە،کە  پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بەبێ ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار ھەڵبژێرێت و بە کراوەیی کۆتایی بە کۆبوونەوەکە بێت بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ لەبەردەم ھێزە سیاسیەکاندا بکاتەوە.

جێگەیباسە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی سودانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی، لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە و لەسەر ئامادەکردنی کارنامەیەکی ھاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە رێککەوتن.