خانمی یەکەم لە میانی دیداری لەگەڵ وەزیری تەندروستی؛ هەڵمەتی هۆشیاری بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە گرنگی زۆری هەیە

(0) / / عراق / زایەڵە خانمی یەکەم شێرپەنجە عێراق تەندروستی


Feb 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغداد پێشوازی لە دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی وەزیری تەندروستی کرد، کە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی دەرمان و پزیشکی پسپۆڕی روبەڕوبونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە یاوەرییان دەکرد.

لە میانی دیدارەکەدا، خانمی یەکەم جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لە کۆمەڵگەدا لەپێناو پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان، سەرەڕای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچوی چارەسەری نەخۆشی، کە پشتیوانییەکی باش دەبێت بۆ هاووڵاتیان. 
لە دیدارەکەدا، خانمی یەکەم گوێبیستی رونکردنەوەکانی بەڕێز وەزیری تەندروستی بوو لەبارەی بایەخی ئەنجامدانی هەڵمەتی گشتگیری هۆشیاری لەبارەی مەترسییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە و خۆپاراستن لێی، سەرەڕای هاندانی هاووڵاتیان بۆ پشکنینی پێشوەختە بە تایبەت لەلایەن کچان و ژنانەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا پزیشکە پسپۆڕەکان ئاماژەیان بەوەکرد، عێراق پێویستی بە هەڵمەتی هۆشیاری هەیە بەتایبەت کە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لەزیادبوندایە. هەروەك هیوایانخواست ئەو هەڵمەتە بە سەرپەرشتی و چاودێری خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بێت.
لەبەرامبەردا خانمی یەکەم سوپاس و پێزانینی بۆ متمانەی ئەندامانی وەفدەکە دەربڕی و جەختیکردەوە، کە مایەی شانازییە بەشداربێت لە هەڵمەتی هۆشیاری بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیی شێرپەنجە، هەروەك عێراقییەکان شایانی ئەوەن هەموو پاڵپشتی و پشتیوانییەك بکرێن لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی ئازادی شکۆمەندانە و سەقامگیر بۆیان.
لەلایەن خۆیانەوە، وەزیری تەندروستی و ئەندامانی وەفدەکە ستایشی خانمی یەکەم-یان کرد بۆ بەدەنگەوەچون و لەئەستۆگرتنی پرۆژە مرۆییەکان و هەوڵە بەنرخەکانی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و چاودێریکردنی ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی دەبن.