سەرۆك کۆمار لە پەراوێزی حەوتەمین لوتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز پێشوازی لە سەرۆکی ئێران کرد

(0) / / عراق / زایەڵە غاز ئێران


Mar 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە شوێنی مانەوەی لە جەزائیر، پێشوازی لە بەڕێز ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدی یاوەری کرد.

لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە 2-3-2024 لە پەراوێزی حەوتەمین لوتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز لە جەزائیر بەڕێوەچوو، چۆنێتی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاووتوێ کرا، کە هاوبەشیی قوڵی مێژوویی و ئایینیی پێکەوەیان گرێدەدات.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە بایەخی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و ویستی هەردوو گەلی دراوسێ بۆ گەشەسەندنی هەمەلایەنە بەدیبهێنێت.
لە دیدارەکەدا هەردوو سەرۆک تیشکیانخستەسەر گرنگی سازکردنی حەوتەمین لوتکەی سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکانی ئەندام لە کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز و ئەو بەشدارییە جدییەی لە لوتکەکەدا کراوە لەپێناو سەقامگیریی کەرتی وزە و هێنانەدی هاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی غازی زیانبەخش و پیسبون و هەروەها پشتگیریکردن لە رێککارەکان و پاراستنی ژینگە.
سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکەش،  سەرۆك د.لەتیف جەمال رەشید جەختیکردەوە لەسەر بایەخی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پشتبەستن بە دیالۆگی بونیادنەر بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان و کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەم بارەیەوە ئاماژەیکرد بە پێویستی وەستاندنی دەستدرێژی بۆسەر کەرتی غەزە، سەرەڕای دابینکردنی یارمەتی بۆ گەلی فەڵەستین، کە روبەڕوی قێزەوەنترین جۆرەکانی پەلامار بووەتەوە، هەروەها کۆتاییهێنان بە ئازارە مرۆییەکانیان لە رێگەی پێدانی مافە رەواکانیان.
لە بەرامبەردا سەرۆك کۆماری ئێران خواستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دوپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بە ویستی حکومەتەکەی بۆ هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەک کە سەقامگیری و ئاشتی بۆ گەلانی ناوچەکە بەدەستبهێنێت. هەروەها سەرۆك ئیبراهیم رەئیسی رۆڵی سەرەکیی عێراقی لە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانی وڵاتانی ناوچەکەش بەرزنرخاند.