شارەزایەکی تەندرووستی ئێرانی: پێویستە لە پرۆسەیەکی 4 تا 6 مانگەدا بەدواداچوونی پێویست بۆ چارەسەری بەرکەتووانی کیمیایی هەڵەبجە بکرێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەڵەبجە کوردستان کیمیایی کیمیاباران مەهدی فەرهادی


Mar 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شارەزایەکی تەندرووستی ئێرانی ڕایگەیاند کە پێویستە لە پرۆسەیەکی 4 تا 6 مانگەدا بەدواداچوونی پێویست بۆ چارەسەری بەرکەتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بکرێت.
مەهدی فەرهادی شارەزا لە بواری پشکنینی هەناسەدان کە لە چوارچێوەی تیمێکی پزیشکی ئێرانیدا سەردانی هەڵەبجەی کردووە، لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە، ڕایگەیاند: بۆ یەکەم جار 13 ساڵی ڕابردوو سەردانی هەڵەبجەم کرد، بە یاوەری دکتۆرە بەناوبانگە ئێرانییەکانی وەک دکتۆر قانعی و دکتۆر نادری، ئەڵبەت ئەو کاتە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە نەبوو و لە نەخۆشخانەکانی دیکە دۆسیەمان بۆ نەخۆشەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کردەوە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: پشکنینی هەناسەدان لە لایەن ئێمەوە دەکرا و پاشان دکتۆر مستەفا قانعی پسپۆڕی نەخۆشی سییەکان ئەو نەخۆشانەیان دەبینی و ڕێژەی نەخۆشی سییەکانیان دیاری دەکرد.

فەرهادی وتی: لەم پشکنینانەدا ئسپرۆمێتری ئەوان بە پێی پێوەرێکە کە بە ئەی تی ئێسی ئەمریکا ناسراوە و دەبێت 100 بێت، ئەگەر هەر کەسێک یان نەخۆشێک پشکنینەکەی بۆ بکرێت و لە خوارەوەی 100 ەوە بێت بە واتای ئەوەیە کە کێشەیەکی لە سییەکانیدا هەیە، ئەگەر لە سەروی 100 ەوە بێت بە واتای ئەوەیە کە ئاساییە، ئەوانەی کە لە خوارەوەی 100 ەوەن بە پێی ئەوە دیاری دەکرێت کە ڕێژەی نەخۆشییەکەیان چەندە و چ دەرمان و چارەسەرێک وەربگرن.

ئەو شارەزا تەندرووستییە ئێرانییە وتی: نەخۆشەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە لە قۆناغێکدا و بە گرووپی 35 کەسی دەهێندرانە تاران و ئەو پرۆسە دەرمانییە کە لێرە بۆیان دەکرێت لەوێش بە هەمان شێوە بۆیان دەکرا لە نۆرینگەی دکتۆر قانعی و لە نزیکەوە بەدواداچوونی پێویست بۆ ئەوان دەکرا.

مەهدی فەرهادی وتی: پێویستە لە پرۆسەیەکی 4 تا 6 مانگەدا بەدواداچوونی پێویست بۆ ڕەوشی تەندرووستی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکرێت هاوشێوەی ئەوەی کە لە ئێران بۆ بەرکەوتووانی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران کراوە. ئەگەر نەخۆشەکانی هەڵەبجە سەردانی تاران بکەن یان دووبارە ئەم تیمە پزیشکییە بانگهێشت بکرێن کە سەردانی هەڵەبجە بکەن، بە دڵنیاییەوە پرۆسەی دەرمانی و چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی هەڵەبجە باشتر دەبێت. ئێمە لە تاران بێت یان هەڵەبجە، بۆ خزمەتکردنی بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی ئامادەین.