وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بەبۆنەی "هەشتی مارس"؛ ٦٠ هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن

(0) / / زنان / زایەڵە هەشتی مارس ژنان فەڵەستین غەززە دووگیان


Mar 08, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، بڵاویکردەوە کە لە کەرتی غەززە نزیکەی ٦٠ ھەزار ژنی دووگیان بەھۆی ھێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

بەبۆنەی "هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان"، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بەو تراژیدیایە بڵاوکردەوە کە ژنانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە بەهۆی ئەو هێرشانەی ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە ئیسرائیل دەیکاتە سەریان ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە کەرتی غەززە ٦٠ هەزار ژنی دووگیان بەدەست بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی جەستەی و نەبوونی چاودێری تەندروستییەوە دەناڵێنن. لەمانەش نزیکەی پێنج هەزار کەسیان مانگانە بەهۆی بۆردومان و ئاوارەییەوە لە دۆخێکی سەخت و ناتەندروستدا منداڵیان دەبێت".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە سەدا ٤٩ی دانیشتوانی غەززە لە ژنان پێکهاتووە و ، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کە ماوەی پێنج مانگە درێژەی هەیە هەموویان ڕووبەڕووی کێشەی جددی بوونەتەوە لە ڕووی بەدخۆراکی و ڕەوشی ناتەندروستییەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە نۆ هەزار ژن بەهۆی هێرشەکانی پێنج مانگی ڕابردووی ئیسرائیلەوە کوژراون و ، هاتووە: "ژنانی فەڵەستینی بەتایبەتی ئەوانەیان کە لە کەرتی غەززە دەژین، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ڕووبەڕووی خراپترین کارەساتی مرۆیی بوونەتەوە وەک کوشتن، ئاوارەیی، دەستبەسەرکردن، کورتاژ، نەخۆشی گوازراوە و مردن لە برساندا".

لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی ژنانی سەرانسەری جیهان کراوە کار بکەن بۆ دەستبەجێ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژنانی فەڵەستینی و خێزانەکانیان.