ئێران: دانووستاندنە ئەتۆمییەکانی ڤیەننا بنیاتنەر بوو

(0) / جهان


Apr 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سیاسی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دانووستاندنەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) لە ڤیەننا ئیجابی بووە، هەواڵی بەڕێوەچوونی دانیشتنی داهاتووی ئەم کۆمیسیۆنە لە ڕۆژی هەینی ۲۰ی خاکەلێوەی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەید عەباس عێراقچی جێگری سیاسی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران کە سەرۆکایەتی وەفدی کۆماری ئیسلامی  لە دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام لە ڤیەننای لەئەستۆ دایە،  ئێوارەی سێشەممە لە کۆتایی خولی یەکەمی دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام ئەنجامەکانی ئەم دانیشتنەی بە ئیجابی وەسف کرد‌.
عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پرێس تی ڤی، سەبارەت بە دانووستاندنەکانی پەیوەست بە بەرجام لە ڤیەننا ڕایگەیاند: " خولی یەکەمی دانووستاندنەکانی بەرجام بنیاتنەر بوو. دانووستاندنکاران لە ڤیەننا دەمێننەوە تاکوو ڕۆژی هەینی بەشداری دانیشتنێکی دیکە، سەبارەت بە بەرجام، بکەن."
ناوبراو وتیشی:" وتووێژە کارناسییەکان لە ڤیەننا سەبارەت بە لابردنی گەمارۆکان و هەنگاوە بەرجامییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت."
سەید عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە:" هەرچەشنە ڕێککەوتنێک لەمەڕ ئازاد کردنی یەک میلیار دۆلار لە پارەکانی ئێران لەبری ڕاگرتنی پیتاندنی لەسەدا ۲۰ رەتدەکەینەوە."
هەروەها ئەماژەیشی بەوە کرد: جووڵەی هەنگاو بە هەنگاو قبووڵ ناکەین و لە هەنگاوێکی کۆتاییدا هەموو کاروبارەکان ئەنجام دەدرێن و دانووستاندنەکانی ئێمە لەسەر هەنگاوی کۆتاییە و لەڕاستیدا دانووستاندنیش وتووێژە تەکنیکی و یاساییەکانە.