گەرمیان ..رێکخراوی (IOM) دێتە سنورەکە و ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت

(0) / اجتماعی


Apr 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

گەرمیان ..رێکخراوی (IOM) دێتە سنورەکە و ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت

 شاندێکی رێکخراوی (IOM) لە 6ی نیسان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و ئەوەیان خستەڕوو، لە کەلار دەستدەکەن بە کار و پرۆژەکانیان.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە دیدارەکەدا، نیکۆڵۆ رێکخەری پرۆگرامی گەڕانەوە و بوژانەوەی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ، رایگەیاند، لەماوەی ساڵانی رابردوودا رێکخراوەکەیان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان کاری کردووە و لە ئێستادا جارێکی تر لە رێگەی پرۆگرامی سندوقی پەرەپێدانی پرۆژەکانەوە کارکردنیان لە شاری کەلار دەستپێدەکەنەوە.

ووتیشی، کارەکانیان خۆی دەبینێتەوە لە ھاوکاریکردنی پرۆژەی تاکە کەسی و فراوانکردنی پرۆژەی کەرتی تایبەت و دۆزینەوەی ھەلی کار بەگشتی.

دوپاتیشیکردەوە، رێکخراوەکەیان بۆ راییکردنی کارەکانی پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیەکانی ئیدارەی گەرمیان دەبێت.

لای خۆیەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند، گەرمیان خاوەنی مێژوویەکە لە قەربانیدان و ھەر لەبەر ئەوەش لە رابردوودا گوندەکانی خاپور کراون و خەڵکەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون، لە شەڕی داعشیشدا بەشێک لەناوچەکانی زیانی بەرکەوتووە ژمارەیەکی زۆر خێزانی ئاوارەی تێدایە، رێکخراوەکان لێرەدا ھەلێکی لەباریان بۆ رەخساوە بۆ کارکردن و ئێمەش لە ئیدارەی گەرمیان ھاوکارتان دەبین بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانتان.

ووتیشی، خۆشحاڵین بەوەی دێنە گەرمیان بۆ کارکردن و ھیوادارین بتوانن خزمەتی ناوچەکە بە گشتی و چین و توێژە جیاوازەکان بکەن و ببنە ھۆی رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان و دەرچوانی سنورەکە و لە داھاتوودا بتوانن سنوری کارکردنتان لە گەرمیان فراوانتر بکەن.

ھاوکات، ھەر لە کۆبونەوەکەدا، بێستون ژاڵەیی بەڕێوەبەری نووسینگەی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان، تیشکی خستەسەر رێکارەکانی کاری رێکخراوەکان و ھەماھەنگی و ھاوکارییانی نوسینگەی ھەماھەنگی لەوبارەوە، ئەوەشی خستەڕوو، زۆر بوار ھەیە ئەم رێکخراوە دەتوانێت کاری لەسەر بکات لەپێناو بوژانەوەی ناوچەکە بەتایبەت ھاوکاری و کۆمەکیان بۆ کەرتی کشتوکاڵ ئەوەش بەھۆی کاریگەریەکانی کەم بارانی ئەمساڵ کە زیان بەر بەروبومی کشتوکاڵ و پرۆژەکانی دیکەی کشتوكاڵ کەوتووە.

کامەران کەریم