عەلی قەرەداغی: "غەززە سەلماندی کە ڕۆژئاوا ھیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی نییە"

(0) / / گفتگو / زایەڵە یەکێتی موسڵمان ئیسرائیل


Mar 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ڕایگەیاند کە شەڕی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، سەلماندی کە ڕۆژئاوا ھیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی نییە و داواشی لە حکوومەتە ئیسلامییەکان کرد کە پاڵپشتی لە ئەفریقای باشوور بکەن و قەرەبووی ئەو زیانانەی بکەنەوە کە لە ئەنجامی لێپێچینەوەی یاسایی لە ئیسرائیل لە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووبووەتەوە.

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، ئیسرائیل ھێرشی دەکاتە سەر غەززە کە بەھۆیەوە دەیان ھەزار کەسی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن بوونەتە قوربانی، ئەمە وێرای ئەوەی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیانێکی زۆر بەژێرخانی کەرتی غەززە کەوتووە.

ھاوکات لە ماوەکانی ڕابردوودا کۆماری ئەفریقای باشوور، سکاڵایەکی دژی ئیسرائیل بەتۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە غەززە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمارکرد.

عەلی قەرەداغی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتی: "پشتیوان بەخوا ھێزی مقاوەمە لە غەززە شکستی نەھێناوە و ناشکێت و لە ڕاستییدا ئێستا پێگەی زایۆنی لە قۆناغی لاوازییدایە، من لە ڕووی ھێزی سەربازییەوە نایڵێم، بەڵکو لە ڕووی ھێزی مەعنەوی و لایەنی ئەخلاقییەوە دەیڵێم".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمڕۆ داگیرکەرانی زایۆنی لە سەرانسەری جیھاندا ڕووخساری خۆیان ڕەش کردووە و ئەمەش ھەواڵێکی خۆشە، من پێموایە ئەمە سەرەتای کۆتاییە بۆ شارستانییەتی ستەمکاری ڕۆژئاوایی کە پشتیوانی لەم نادادپەروەرییە دەکات و ھەموو شتێک پشتگوێ دەخات و ھەموو جینۆسایدێک کە ڕوودەدات وەک بەرگرییکردن لە خۆی لەقەڵەمی دەدات".

گوتیشی: "ھەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ دۆخی مرۆیی لە غەززە زۆر زۆر ئازاربەخشە، لە ھیچ مێژوویەکەدا، تەنانەت لە سەردەمانی مەغۆل و تاتاردا، کارەساتی لەم جۆرەی کۆمەڵکوژیی، کوشتن، لەناوچوون و برسێتی لە غەززە ڕوویاننەداوە".

بە ھۆی سنووردارکردنی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە، لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەئێستادا خەڵکی کەرتی غەززە، بەھۆی نەبوونی خۆراک، ئاو، دەرمان و سووتەمەنییەوە لە لێواری برسییەتیدان، ئەمە وێرای ئەوەی دوو ملیۆن فەڵەستینی بەھۆی ھێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە ئاوارە بوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ماوەی ١٧ ساڵە کەرتی غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆی خراوەتە سەر.

- غەززە و ڕەمەزان

ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی لەبارەی ئەرکەکانی موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزاندا کە لە زۆربەی وڵاتاندا، ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە ڕاگەیاندرا، گوتی: "داوا لە میللەتەکەم دەکەم کە پەلە بکەن بۆ کردەوەی چاکە و بەخشین، ئەوەی لە توانایاندایە لەوبارەیەوە بیکەن و ھەست بە ئازاری براکانمان لە غەززە بکەن، بە تایبەتی لە ڕووی برسییەتی و نەخۆشییەوە".

جەختیشی لەوە کردەوە: "دروست نییە میللەتەکەمان خەرجی زیادە بکەن بەو جۆرەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە مانگی ڕەمەزاندا دەکرا، پێویستە یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە دابین بکەین".

ڕاشیگەیاند: "فەتوای ئەوە دەدەم کە ھەرکەسێک بیەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا عومرە بکات با تێچوو و خەرجی عومرەکەی پێشکەش بە براکانمان لە غەززە بکات".

گوتیشی: "ھەروەھا داوا لە برایانی گوتارخوێنانم دەکەم کە گوتاری ڕۆژی ھەینی بۆ غەززە تەرخان بکەن و گوشار دروست بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی سەرتاسەریی ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکانی سەر غەززە ڕابگرین".

ــ مەترسییەکان بۆ سەر ئەقسا

عەلی قەرەداغی لەبارەی مەترسییەکانی ئیسرائیل بۆسەر شاری قودسی داگیرکراو و مزگەوتی ئەقسا لە مانگی ڕەمەزاندا، گوتی: " ئەم حکوومەتە نازییە توندڕەوە (لە ئیسرائیل) ھەرچی لە توانایدا بێت دەیکات، تەنانەت ئەگەر بتوانێت ئەقسا بڕوخێنێت، ئەوا دەیکات".

گوتیشی: "گەردەلوولی ئەقسا (ھێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل) جگە لە پاراستنی ئەقسا، ھیچ ئامانجێکی دیکەی نەبوو".

ڕاشیگەیاند: "بە ھەموو کەسێکی موسڵمان دەڵێین کە ڕوو لە قودس بکەن، بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا بکەن".

جەختیشی لەوە کردەوە: "دەبێت ئەوەی تواناماندا بێت لە پێناو خزمەتکردنی پرسی فەڵەستین و پاراستنی مزگەوتی ئەقسا ئەنجامی بدەین، چونکە مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی ئێمەی موسڵمانان بوو".

ــ پاڵپشتیکردن لە ئەفریقای باشوور

ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان لەبارەی دادگاییکردنی ئێستای ئیسرائیل لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی، گوتی: "لە سەرەتادا، داوای دادگاییکردنی ئەم حکوومەتە تاوانبار و ڕەگەزپەرستەمان کرد کە نەک یەک تاوان، بەڵکو ڕەنگە سەدان تاوانی ئەنجام دابێت کە شایەنی ئەوەن یان دەبێت ھۆکارێک بن بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکان".

گوتیشی: "دەیان تاوان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە ئەنجامدراون، لەوانە ڕووخاندنی نەخۆشخانە و مزگەوتەکان، کوشتنی خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ، ڕێگرتن لە گەیاندنی یارمەتی خۆراک بۆ خەڵکی غەززە، ھەموو ئەمانە تاوانن، ئێمە داوا لە حکوومەتە ئیسلامییەکان دەکەین کە پاڵپشتی لە ئەفریقای باشوور بکەن و قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە لە ئەنجامی لێپێچینەوەی یاسایی لە ئیسرائیل ڕووبەڕووی بووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەروەھا داوا لە ھەموو حکوومەتە ئیسلامییەکان دەکەین پشتیوانی ئەم ھەڵوێستەی ئەفریقای باشوور بکەن، بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا بەتەنھا نەبێت".

- پلانی کاری یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان

عەلی قەرەداغی لەبارەی پلانی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، گوتی: " ئێمە پلانێکی ستراتیژی و پلانێکی فریاگوزاریمان داناوە، ھەروەھا پلانێکی ستراتیژی بۆ پێشخستنی بیرکردنەوەی میللەت و دەرچوون لەم ناھاوسەنگییەی کە میللەتی ئیسلامی تووشی بووە، داناوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا ناھاوسەنگییەکی گەورە لە میللەتدا ھەیە، چونکە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەداخەوە بێدەنگ نین، بەڵکو ھەڵوێستەکانیان نەرێنین، لەبەر ئەوەی خەڵکی غەززە لە کاتێکدا کە موسڵمان و عەرەبن کومەڵکوژ دەکرێن، ھیچ وڵاتێک ھەڵوێستی ئەرێنی لەوبارەیەوە نییە".

- ھەڵوێستی ڕۆژئاوا لەھەمبەر غەززە

عەلی قەرەداغی لەبارەی ھەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە شەڕی غەززە، گوتی: "لە ڕۆژئاوا، ھیچ شتێک بەھای نەماوە، پرەنسیپەکان بێ بەھا بوون، ھیچ بنەمایەکی یاسایی و مرۆیی نییە وەک ئەوەی لە غەززە دەیبینین، ھیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە ، نە یاسای مرۆیی و نە سۆزی مرۆڤایەتی، چونکە بنەما و یاسای مرۆیی لە ژێر پێی زایۆنیدا دانراون".

گوتیشی: "شەڕی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، سەلماندی کە ڕۆژئاوا ھیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی نییە".

جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی :"ئەگەر بەھاکان نەمان، ئەوا تاکە پەناگەیەک کە دەتوانێت بنەما مرۆییەکان و بنەما ڕاستەقینەکان بۆ ھەموو مرۆڤایەتی بگەڕێنێتەوە، تەنھا ئیسلامە. بۆیە پێویستە میللەتەکەمان شانازی بە ئیسلامەوە بکەن و پێوەی پابەند بن".