لە زانکۆى سلێمانى، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبۆوەو چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی کوردستان زانکۆ


Mar 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ وەزارەتی خوێندن باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، تەوەرى یەکەم تایبەت بوو بە داواکارى ژمارەیەک لە قوتابیان و خوێندکارانى (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کە لە تاقیکردنەوەى خولى دووەمى سیمستەرى یەکەم دەرنەچون، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە پێدانى دەسەڵات بە ئەنجومەنى زانکۆکانى کوردستان بۆ بریاردران و یەکلاکردنەوەى کۆى کەیسەکانى هاوشێوە لەناو ئەنجومەنى زانکۆکان.
تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە ئالیەتەکانى وەرگرتنى کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، کە بەشێکیان بەهۆى خراپى بارى دارایی تاکو ئێستا کرێى خوێندنى نەداوە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بەڕەچاوکردنى بارو گوزەرانى دارایى خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاریدا بە داشکاندنى (٢٠%)ى کرێى خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا، لە کۆى ئەو پارەیەى کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکاران ماوە بیدات. ئەم بڕیارە تەنها بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) جێبەجێ دەکرێت.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا داواکارى خوێندکاران و قوتابیانى بۆردى کوردستانى کە بەشێوەى پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون بە لێخۆشبون لە کرێى خوێندن، گفتوگۆى لەبارەوە کراو ئەنجومەنى وەزارەت داواکارییەکەى پەسەندکرد.
هەر لە کۆبونەوەکەدا پرسى ئەنجامدانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان، بەمەبەستى دروستکردنى کێبڕکێى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە ئەنجامدانەوەى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش فەرمانگەى تایبەتمەند لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان ئامادەکارى پێویست ئەنجامدەدەن.
کامەران کەریم