کەش و هەوای ئەمڕۆ وسبەی ڕاگەیەنرا

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشناسی کوردستان باران بارین


Mar 20, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی ئایندەی ڕاگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و لافاو دهۆک دەگرێتەوە، بەڵام لە ھەولێر، ئیدارەی ڕاپەرین، سنووری پارێزگای کەرکووک، سلێمانی و ھەڵەبجە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سەرەتا بارانبارینی پچر پچر و ڕێژە کەم بۆ مامناوەند ئەمڕۆ تا کاتەکانی ئێوارە بەردەوامی دەبێت و دواتر لە شەودا کەش لە زۆربەی ناوچەکان سەقامگیر دەبێتەوە و بۆ سبەینێ ڕۆژی پێنجشەممە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێ لە تورکیاوە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا و سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچەشاخاویەکانی پارێزگاکە و ناوچەی شاخاوی پارێزگای ھەولێر و ئاسمان لەو ناوچانەدا ھەوری تەواو دەبێت و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بارانی ڕێژە مامناوەند و پچر پچر لە کاتی جیاجیادا و پلەکانی گەرماش بە نزمی دەمێنێتەوە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بارانە ناوچەکانی ناوەندی پارێزگای ھەولێر، ئیدارەی ڕاپەرین، سنووری پارێزگای کەرکووک، سلێمانی و ھەڵەبجە ناگرێتەوە و کەش سەقامگیر دەبێت و ئاسمان بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە بەرز دەبێتەوە، خێرای با مامناوەند چالاک دەبێت 10-20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاڕاستەی با باشور و باشوری ڕۆژھەڵات دەبێت .
 
باسی لەوەشکردوە، لە درەنگانی سبەی شەودا بۆ ڕۆژی ھەینی کاریگەری شەپۆلەکەی تورکیا لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر چالاکتر دەبێت و دووبارە لە سنووری پارێزگای دھۆک پێشبینی بارانیکی زۆر دەکرێت کە لەھەندێ ناوچەدا ئەگەری دروستبوونەوەی لافاویش دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت، ھەرچی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەریان لاواز دەبێت و تەنھا ھەندێک کات نمەباران بۆ تاوە بارانێکی مامناوەند و کورت خایان دەبارێت و تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەردەوامی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی دواتر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە پێشبینی دەکرێتەوە نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێ لە دەریای سور وناوەڕاستەوە کاریگەریەکانی درێژ ببێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بارستە ھەوایەکی شێداری لەگەڵ دەبێت و ناسەقامگیری بەرگەھەوا دروست دەکاتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و لێزمە باران وتەرزە، لەم قۆناغەشدا گۆڕانکاری روونەدات بەتایبەت لەکاتەکانی شەوی یەکشەممە لەسەر بەرەبەیانی دووشەممە ئەگەر ھەیەھەورەبروسکەی بەھێز بەسەر ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی چالاکببێتەوە و تەرزە و بارانی بەھێز و بەخوڕ ببارێت، ئەمەش مەترسیەکانی لافاو لەو ناوچانەدا زیاتر دەکات، کە لەماوەی ڕۆژی ڕابردوودا بارانێکی زۆر لە پارێزگای دھۆک و دەوروبەری باری و بووە ھۆی لافاو و لێکەوتنەوەی زیانی ماددی و گیانی.
جەختی لەوەشکردەوە، بەگشتی بارانبارین لەم قۆناغەدا بۆ سەرجەم ناوچەکان باش دەبێت و تا ئێوارەی دووشەممە بە چالاکی ئەم شەپۆلەدەمێنێتەوە و پاشان لاواز دەبێت، بۆ ڕۆژانی 26 و 27ی مانگ بەھۆی مانەوەی نزمەپاڵەپەستۆکە لە ئاستە بەرزەکانی بەرگەھەوادا و بەھەڵمبوونەوەی شێی ناوچەکە و دووبارە چربوونەوەی بۆ ھەوری کەڵەکەبوو تاوەباران و بروسکەی ناوخۆی لەکات و شوێنی جیاجیادا چالاک دەبێتەوە.
 
وتیشی، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە بە تەواوی ئاسمانی ناوچەکە جێدەھێڵێت و کەش لە تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان سەقامگیر دەبێتەوە کەپێناچێت ئەو ماوە سەقامگیرییە زۆریش بخایەنێت و بارانبارینەکانی دواتر بەزووی دەستپێدەکاتەوە، وەرزی بەھارە و گۆڕانکاریش لە ئارادا دەبێت.
 
کامەران کەریم