عیراق: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تیمە دیپلۆماسییەکەی ئێران هەنگاوێکى مەترسیدارە
(0) /
زایەڵە ـ وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکۆنەى ئەو هێرشەى کرد کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر تیمە دیپلۆماسییەکانى ئێران لەشارى دیمەشقى سووریا و هێرشەکەى بە هەنگاوێکى مەترسیدار ناوبرد.
لە راگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە "هێرشەکە پێشێلکارییەکى روونى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریى خاکى سووریایە و هەنگاوێکى مەترسیدارە دەرهەق بە ئاسایشى ئەو تیمانەى کە بەگوێرەى یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزبەندییان هەیە".
روونیشکراوەتەوە "ئەو کارانە بازنەى توندوتیژیى لە ناوچەکە زیاد دەکەن و دەبنە هۆى هەڵکشانى زیاترى پشێویى و ناسەقامگیریى ناوچەکە".
وەزارەتەکە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیى دەکات کە بەپەلە کار بکات بۆ راگرتنى پڕۆسەى کوشتن و تێکدان لە کەرتى غەززە و بەئامانجگرتنى بەردەوامیى خاکى سووریا.
ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بینای کۆنسوڵخانە و شوێنی مانەوەی باڵیۆزی ئیرانیان لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردوومانکرد.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بینای کۆنسوڵخانەی ئێرانیان لە تەنیشت بینای باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە بیناکە بە تەواوی رووخاوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی حکومەتی سووریاش بڵاویکردووەتەوە، بیناکە لە گەڕەکی مەززە لە شاری دیمەشق بووە.
سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاگەیێندراوێکدا هەواڵی کوژرانی حەوت ئەفسەری ناو باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا پشتڕاستكردەوە.
تێبينيێك بنێرە: