دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی پارەدانی بەغدا بۆ هەرێمی ڕەتکردەوە
(0) /
زایەڵە - سکاڵای دژی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم و پابەندکردنی وەزیری دارایی عێراق بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە رەتکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا کۆبوەوە کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتار و ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکراوە، دادگاکە لە دوابریاردا هەردوو سکاڵاکەی رەتکردەوە بەهۆی ئەوەی " سیفەتی یاساییان تێدا نییە".
سکاڵای یەکەمیان لە دژی بڕیاری ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم تۆمار کرابوو کە لە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریاری لێ دابوو، لەسەر ئەو بریارەش مستەفا سەنەد-ی پەرلەمانتار سکاڵاکەی راستەوخۆ لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران تۆمار کردبوو.
سەنەد لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردبوو بڕیار لەسەر نادروستیی بڕیاری ژمارە ٢٤٠٣٧ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بدات، کە لە رۆژی ١٤-١-٢٠٢٤ تایبەت بە ناردنی ٦١٨ ملیار و ٥٨٧ ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٣ دەریکردبوو.
بۆ سکاڵای دووەمیش مستەفا سەنەد، داوای لە دادگای فیدراڵی کردبوو (وەزیری دارایی عێراق پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵە بەشێوەیەکی دروست و ئەگەر وای نەکرد، ئەمە بەپێچەوانەی دەستور بناسرێت).
دوای ئەنجامدانی دانیشتنی دادگا کە ئەمڕۆ چوارشەممە سازیکرد، دادگاکە سکاڵاکانی رەتکردەوەو وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی داوەتەوە کە بەهۆی ئەوەی سیفەتی یاساییان تێدا نییە، دادگا هەردوو سکاڵاکەی رەتکردوەتەوە.
تێبينيێك بنێرە: