رۆژی قودس لە ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمان خۆپیشاندان ئەنجام درا

(0) / / جهان / زایەڵە قودس


Apr 05, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ڕۆژی قودس بۆ پشتیوانی لە پرسی فەڵەستین وەک کۆتا هەینیی مانگی رەمەزان لە ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمان و جیهان خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و پرسی فەڵەستین بەڕێوەچوو و خۆپیشاندەران دژی ئیسرائیل وەستانەوە و هاوسۆزیان بۆ گەلی فەڵەستین دەربڕی.

بەشداربوان لە خۆپیشاندانی ڕۆژی قودس لە ڕاگەیێندراوی کۆتایی بە ئاماژە بە بارودۆخی غەززە، ئەمریکایان وەکوو تۆمەتباری یەکەمی بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە ناوبرد و داوایان لەم وڵاتە کرد پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا بکاتەوە کە بە شەیتانی وەسفکرا.

لە بەشێکی ئەم ڕاگەیێندراوەدا وێڕای ئیدانە کردنی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی، کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە بەستراوە بە ئیرادەی حکومەتە ئیسلامییەکان وڕۆڵ بینینی کارایان بۆ ئەم مەبەستە.

دیاریکردنی رۆژی قودس بۆ یەکەمین جار لەلایەن ئیمام خومەینی (د.خ)، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشنیاز کرا.

رۆژی حەوتی ئابی ساڵی ١٩٧٩، پێشنیازەکە لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەسەندکرا و کۆتا هەینیی مانگی رەمەزانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی قودس دیاریکرا.

ئیمام خومەینی (د.خ) لەبارەی دیاریکردنی ئەو رۆژەوە گوتوویەتی “رۆژی قودس تەنها رۆژی فەڵەستین نییە، بەڵکو رۆژی ئیسلامە، رۆژی حکومەتی ئیسلامییە، رۆژێکە تیایدا دەبێت ئاڵای ئیسلام لە سەرجەم جیهان بەرز بکرێتەوە. رۆژێکە دەبێت بە زلهێزان بسەلمێنرێت چیتر ناتوانن لە دەوڵەتانی ئیسلامی پێشڕەوی بکەن. من رۆژی قودس بە رۆژی ئیسلام و رۆژی پەیامبەریی ئیسلام دەزانم”.

خەڵکی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەموو ساڵێک لە رۆژی قودسدا  پێش دەستپێکرنی نوێژی هەینی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، دروشمی دژ بە ئیسرائیل دەڵێنەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتدەکەنەوە و ئەمساڵ بەهۆی شەڕی غەززەوە ئەم خۆپیشاندانە بە شکۆی زیاترەوە بەڕێوەچوو.

پێش دیاریکردنی رۆژی قودس لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، فەڵەستینیەکان لە ٢١ـی ئازاری هەموو ساڵێکدا یادی رۆژی کەرامەیان دەکردەوە، بەهۆی ئەوەی لەو رۆژەدا و لە ساڵی ١٩٦٨ هێزی رزگاریخوازی فەڵەستینی و سوپای ئوردن پێکەوە توانیان سوپای ئیسرائیل تێکبشکێنن و رێگری لە داگیرکارییەکانی بۆسەر خاکی فەڵەستین و ئوردن بکەن.

لە دوای دیاریکردنی رۆژی قودسەوە، فەڵەستینییەکان وازیان لە یادکردنەوەی رۆژی کەرامە هێنا و رۆژی قودس جێگەی ئەو یادەی گرتووەتەوە.

یادکردنەوەی ئەمساڵی رۆژی قودس، لەکاتێکدایە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و ئیسرائیل رێگری لە موسڵمانان دەکات نوێژی هەینی لە مزگەوتی بەیتلمەقدس ئەنجام بدەن.