مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی: هیواداریـــن بڕیاری هەڵوەشانـەوە سزاکان بدرێت

(0) / / کردستان / زایەڵه کوردستان مامۆستای ناڕازی


Apr 05, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی ڕایگەیاند: هیواداریـــن بڕیاری هەڵوەشانـەوە سزاکان بدرێت.
ڕوونکردنەوەیەکی پێویست
هاوڵاتیانی ستەم لێکراو
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن هەڵوێست
لەسەروبەندی ناڕەزایی و بایکۆتی ڕەوای مامۆستایاندا بەڕێوبەرایەتیەکانی پەروەردە لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندابن و پشتیوانیمان بکەن، بە پێچەوانەوە بە فەرمانی حیزبیانە دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا.
لە ڕابردوودا لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش و دیدارە جیاوازەکانەوە هەوڵماندا بۆ سڕینەوەی سزاکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاکە وێڕای هەندێك بەڵێنی زارەکی  بەڵام هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ لە شوێنی خۆیان ماون و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستاو فەرمانبەرانەوە، ئەوە وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکیتر و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان.
ئێمە لێرەوە وێڕای جەختکردنەوە لە ڕەدکردنەوەی سزاکان، هەر کردارێکی ناپەروەردەییانەی حیزبیانە ڕەد دەکەینەوە کە بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامدراون و دەدرێت، وە پێشمانوایە وەزارەتی پەروەردە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ هەڵوێستی بەرپرسانەی مامۆستایانکرد بۆ تێپەڕاندنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ .
لە کۆتایدا هیوادارین بەرپرسانی پەروەردە تەنها یەك جار بە ئەرکی پەروەردەییانەی خۆیان هەستن و تەواوی فەرمانەکان هەڵوەشێننەوە و لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات بە چ یاسایەك سزادەدرێت؟ کە تەنها لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠٠ سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو (غیاب) سزادراون، وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێ کە ڕوویەکی دیکتاتۆریانەی پەروەردەی نیشانداین و لە زۆربەی پەروەردەکانیش بڕیاری سزادان جێبەجێ کراوە.

بۆیە هیوادارین تا ٢٥/٤/٢٠٢٤ بڕیار لە هەڵوەشانەوەی سزاکان بدرێت و ئەو ڕێگا هەڵانە ڕاستبکرێنەوە کە بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران گیرانەبەر، بۆ ئەوەی ناچار نەبین فشارەکانمان دەستپێبکەینەوە و ئەو ماوە کەمەی خوێندن بێ گرفت تێپەڕ ببێت، چونکە دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان بە ساڵی داهاتوو ناسپێرین و پێویستە لەم ساڵدا نیگەرانیەکانی مامۆستایان کۆتاییان بێت.
کامەران کەریم