بەهۆی پەرەسەندنی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل؛ هۆشداریی فەرەنسا بە هاووڵاتییانی

(0) / / جهان / زایەڵە فەڕەنسا ئێران ئیسرائیل


Apr 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە _ بەهۆی پەرەسەندنی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل دژ بە یەکتری، فەرەنسا تەواوی گەشتەکانی بۆ ئێران هەڵوەشاندەوە و هۆشداریشی بە هاووڵاتییانی داوە گەشتی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەن.

کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی فەرەنسی (ئێر فرانس) ئەمڕۆ شەممە (13ی نیسانی 2024) ڕایگەیاند، بە هۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لە ئەمڕۆ شەممەوە، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بەرەو ئێران ڕادەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بە هۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە گەشتی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ئیسرائیل سنووردار بووە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری داوەتە هاووڵاتییانی و داوایان لێدەکات گەشتی ئێران، ئیسرائیل، لوبنان و فەڵەستین نەکەن بە هۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل ئەوەی دۆخی ئەم ناوچەیەی ڕۆژ‌هەڵاتیی ناوەڕاست ئاڵۆز بووە.

هەر بە هۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل لە یەکتری، دوێنێ هەینی، هێڵی ئاسمانی نەمسا ڕایگەیاندبوو، تا وەکوو 18ی ئەم مانگە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ڤییەننا بەرەو تاران ڕاگرتووە، چونکە پاراستنی گیان و سەلامەتیی گەشتیارەکان و تیمە فڕۆکەوانییەکانی لە پلەی یەکەمدا دێت، هاوکات حکوومەتی نەمساش داواشی لە هاووڵاتییانی کردووە هەرچی زووە خاکی ئێران جێ بهێڵن.

پێشووتریش ئه‌ڵمانیا داوا له‌ هاووڵاتییانی کردبووە به‌ زووترین كات ئێران جێ بهێڵن بە هۆکاری ئەوەی ئاسایشی ناوچە ناسەقامگیرە.

ئێوارەی ڕۆژی (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج و لە نێویدا 18 کەس کوژران کە شەشیان فه‌رمانده‌ و ڕاوێژكاری سەربازیی سەر بە سوپای پاسداران بوون و یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران بوو لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.

به‌هۆی ئه‌م هێرشه‌وه‌، تاران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل کرد و بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان گومان دەکرێت لە ئان و ساتێک بێت، ئێران هێرشی چڕی مووشەکیی بکاتە سەر ئیسرائیل.