دێربیی ئێران؛ وریا غەفووری و هاوڕێکانی دەیانەوێت برینەکانی پێرسپۆلیس قوڵتربکەن

(0) / / ورزش / زایەڵە وریا غەفووری ئیستقلال پێرسپۆلیس دێربی


Jan 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

وریا غەفووری و هاوڕێکانی لە یانەی ئیستقلال تەهران، بۆ پارێزگاریکردن لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئێران و بەهێزکردنی شوێنەکەی رووبەڕووی پێرسپۆلیسی رکابەری هەمیشەییان دەبنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە کەناڵی ڕووداو بڵاوی کردەوە: کاژێر 16:05، دێربیی تارانی پایتەخت چاوی هەزاران هاندەری سوور پۆش و شین پووش، کە لە ماڵەکانیانەوە بینەری یارییەکە دەبەن، دەباتە سەر یاریگەی بەنێوبانگی ئازادی، ئەو یاریگەیەی بەهۆی کۆرۆناوە، ئەمڕۆ خاڵی دەبێت لە هاندەر.

ئیستقلال لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و لە 9 گەڕی رابردوودا 18 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، لەکاتێکدا دوو یاریی کەمتر لە پێشەنگی خولەکە ئەنجامداوە و جیاوازییەکەشیان تەنیا 3 خاڵە لەگەڵ یانەی سناعات نەفت.

لە ریزەکانی ئیستقلال هەریەکە لە سوبحان خاقانی و محەممەد نادری، بەهۆی پێکانەوە گومان لە بەشداریکردنیان دەکرێت، لە ریزەکانی پێرسپۆلیس عیسا ئەلکسیر بەهۆی سزادان و عەلی شوجاعی بەهۆی پێکان لە شانیدا یاریی ناکەن.

جیاواز لە وەرزەکانی رابردوو پێرسپۆلیس بە بارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، یانەکە 7 یاریی لەم وەرزەدا کردووە و خاوەنی 11 خاڵە، پێرسپۆلیس هەرچەند ئەنجامەکانی خراپن، بەڵام یارییان بەرامبەر ئیستقلال هەمیشە، بەهێز، جیاواز و سەرنجڕاکێش بووە، ئەمڕۆش تیپەکەی یەحیا گۆڵ محەممەدی دەیەوێت پشت لە ئەنجامە خراپەکانی بکات و بەبردنەوەی دێربی دەرگای گەڕانەوە بۆ سەر ئەنجامە باشەکان بکاتەوە.

بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ کە دێربیی ژمارە 94ـی نێوان هەردوو یانەیە، پێرسپۆلیس بەدرێسێکی تایبەتەوە یارییدەکات و چاوی لە بردنەوەی سێ خاڵ دەبێت.

هەردوو یانە مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، لەو 93 یارییەی رابردوودا کە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەرامبەر یەکدی ئەنجامیانداوە، یانەی ئیستقلال 26 یاریی بردووەتەوە، 24 یاری لە بەرژەوەندی پێرسپۆلیس کۆتاییهاتووە، 43 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.

دوایین یاریی نێوان هەردوو یانە لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئێران بووە لە ساڵی رابردوو، کاتێک یانەی ئیستقلال بەلێدانەکانی یەکلاییکەرەوە بە 4-1 یارییەکەی بردەوە، بەڵام لە یاریی کۆتاییدا نازناوەکەی بەرامبەر یانەی تراکتۆرسازی لەدەستدا.

کۆتایی/.