لێدوانی بلینکن لەبارەی دیداری لەگەڵ سودانی
(0) /
زایەڵە - وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە "نایاب" ناودەبات و دەڵێت، چاومان لە کۆبوونەوەی سوودانییە لەگەڵ سەرۆک بایدن "لە کاتێکی نزیکدا."
لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024 لە واشنتن کۆبوونەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "کۆبوونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی هەبوو؛ هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین نیشاندەرێکی گرنگی بەهای پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقن، کە پەیوەندییەکی 360 پلەییە و هەموو شتێک لەخۆدەگرێت و بەیەکەوە کۆماندەکاتەوە."
سوودانی لە ئەمریکا کۆمەڵێک سەردانی دیکەی بۆ شار و ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمریکا دەبێت، بلینکن لەوبارەیەوە گوتی: "سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ هیوستن و دیترۆید ئاماژەیەکی دیکەی قووڵی و فراوانیی پەیوەندییەکانمانە، نەک تەنیا لەنێوان وڵاتەکانمان، بەڵکو لەنێوان گەلانی هەردوولا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، "چاومان لەوەیە هاوبەشیی نێوانمان فراوانتر بکەین، ئاسایشی وزە، دیموکراسی، سەروەریی یاسا و کەشوهەوا."
تێبينيێك بنێرە: