کەمتر لەیەک مەتر ماوە بۆ سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان

(0) / / راپورت / زایەڵە ئاو بەنداو کوردستان


Apr 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ڕێژەی هاتنی ئاو وەک خۆی بێت، ئەوا لەماوەی چەند رۆژی  داهاتودا بەنداوی دەربەندیخان سەر ڕێژ دەکات و بەتەواوەتی بەندواوەکە پڕ دەبێ، ئەمەش بەکاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لەگەڵ پلان و میکانیزمی گونجاوی بەردانەوەی ئاو  و چۆنێتی سود وەرگرتن لە هاتنی ڕێژەی ئاو بۆ ناو بەنداوەکە.
سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان بۆ جاری یەکەمی نیە و لەساڵانی  ڕابردوودا  سەرڕێژبوە دواجار ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) بووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی باران بارین بەنداوی دەربەندیخان و بەشێک لەبەنداوە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پڕ بوون و سەر ڕێژیانکردووە، بۆ ئەمساڵیش(٠٢٣-٢٠٢٤ )بەنداوی دەربەندیخان کەمتر لەیەک مەتری ماوە سەرڕێژ بکات،ئەگەر هاتنی ڕێژەی ئاو وەکو خۆی بێت.
ئەندازیار سامان اسماعیل،بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بەزایەڵەی وت،سەرەڕای نزیک بوونەوەی بەنداوەکە لەسەر ڕێژ بوونی بەڵام ڕێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ خواروی بەنداوەکە وەک خۆی بەردەوامبووە ، چونکە هاوڵاتیانی خواروی بەنداوەکە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەیان و کشتوکاڵ وئاودێری پشت بەئاوی ڕووباری سیروان دەبەستن.
شوێنی جوگرافی بەنداوی دەربەندیخان دەکەوێتە (قەزای دەربەندیخان) لەسەر( ڕوباری سیروان )کە بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەدەست هێنانی وزەی کارەبا دروست کراوە ، بیرۆکەی دروست کردنی بەنداوەکە بۆ دەستەی بوونیاتنانەوەی سەردەمی پادشایەتی دەگەڕێتەوە و ساڵی ١٩٤٦ دەست کراوە بەکارکردن  و دوای چەندین لێکۆڵینەوە توانراوە گونجاوترین شوێن دیاریبکرێت و ساڵی ١٩٥٤ دیزانی بەنداوەکە کراوە ، ساڵی ١٩٥٥ گرێبەستی جێ بەجێ کردنی کارەکەلەگەڵ  کۆمپانیای هارزای ئەمریکی کراوە ،جگەلەوە چەندین کۆمپانیای فەڕەنسی و بەریتانی بۆ دروستکردنی بەشەکانی تری بەندوەکە بەشدار بوون ، لەڕێکەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦١ پرۆژەکەکرایەوەو دەست بەکۆکردنەوەی ئاوکراوە ، سەرچاوەی ئاو تێڕژانی دەریاچەکە بریتیە لە رووباری سیروان کەڕێژەی ٪٦٨ ی پێک دێنێت ولەناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت لە ٪١٤ لە سنوری ئێران-عێراق  و لە ٪١٨ لە سەرچاوەکانی ئاوی زەڵم و ڕیشێن  و سەراوو چەمەکانی دیکەی شارەزوورەوە دێت.
بەوتەی ئەندازیار  سامان اسماعیل،بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان،بەنداوەکە بەنداوێکی گڵ بەردی و کرۆکی قوڕە ، بەرزیەکەی (١٢٨) مەترە و پانیەکی لەبنەوە (٥٠٠) مەترەو درێژیەکی بەکەناڵی سەرڕێژەوە (٥٣٥) مەترەو  توانای گلدانەوەی  (٣)ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، سێ یەکەی کاروئاوی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای لەسەرە،بەنداوەکە سێ کەناڵی ئاوی سەر ڕێژ( Spillway) هەیە،بۆ کاتی لافاو بۆ کردنە دەرەوەی ئاوی زیادە بەکاردەهێنرێت و هەر کەناڵێک توانای تێپەڕاندنی (١٩٠٠) مەتر سێجا ئاوی هەیەلە چرکەیەدا.
کامەران کەریم