"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق گەیشتە تاران
(0) /
زایەڵە، مهنسوور جیهانی ـ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەبارەت بە سەردانە فەرمییەکەی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ تاران ڕایگەیاند: سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ شاندێکی پلە باڵا لهوانه؛ "شێخ جەعفەر شێخ مستەفا" جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "مستەفا سەید قادر" جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "دڵشاد شەهاب" ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "رێبەر ئەحمەد" وەزیری کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، "فەوزی حەریری" سەرۆکی دیوان، "عەبدوڵڵا ئاکرهیی" ڕاوێژکاری سهرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێران و ... دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە 16ی گوڵانی 1403ی ههتاوی رێکهوتی 5ی مانگی ئایاری 2024ی زایینی گەیشتە تاران.
ئەم دیپلۆماتکارە پله باڵایە، له درێژەی قسەکانیدا ئهوهشی خسته ڕوو: بڕیار وایه لەم سهفهره فەرمییەدا، سهرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی لەوانە؛ حهزرهتی ئایەتوڵڵا "سەید عەلی خامنەیی" ڕێبەری مەزنی ئێران، "سهید ئیبڕاهیم ڕەئیسی" سەرۆک کۆمار، دکتۆر "محەمەد باقر قالیباف" سەرۆکی پهرلهمانی ئهنجومهنی ئیسلامی، دوکتور "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری کاروباری دەرەوە و ... کۆ ببێتەوە و دیدار و ڕاوێژ و دانوستان بکات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەبارەت بە ئامانجەکانی سەفەری "نێچیرڤان بارزانی" بۆ ئێران گوتی: سهرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دوو لایهنهی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، لێکدانهوه و بەدواداچوون بۆ گرنگترین پرس و بابهتهکانی ناوچه، فراوانکردنی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر و چهندین بواری دیکه بۆ تاران سەفەری کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی پایهبهرز و پله باڵای ئێران، کۆ دەبێتەوە و دیدار و وتووێژ دەکات.
تێبينيێك بنێرە: