وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بانگهێشتی بەغداد كراون
(0) /
زایەڵە - وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمیان بانگهێشتی بەغداد کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بانگهێشتکردنەکە لە پەرۆشیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵە بۆ پرسی سەرلەنوێ بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
وەزارەتی نەوت ئاماژە بەوەش دەکات، ڕێککەوتنەکە بەگوێرەی ئەو بڕە دەبێت کە لە یاسای بودجەدا چەسپێنراوە.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوت دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی کرد لە نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی عێراق و هەرێم و وتی، ئامادەن بۆ هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بەپێی ڕێککەوتنی هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکان.
ئەپیکور کە لە هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی کەرتی نەوتی هەرێم پێکدێت، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانە ڕەت دەکاتەوە کە ئۆباڵی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەخەنە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکان کە گوایە ئەوان نەرمیی نانوێنن.
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات، ڕاپۆرتە میدیاییەکان وا دەردەخەن کە گفتوگۆی بەردەوام هەبێت لە نێوان ئەوان و هەردوو حکومەت، بەڵام لە ٧-٩ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە کۆمپانیا نەوتییەکان هیچ گفتوگۆیەکی هاوبەشیان نەبووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەپیکور داوای گفتوگۆی سێقۆڵی دەکات لەگەل هەردوو حکومەتی عێراق وهەرێم بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك كە سوودی هەموو لایەکی تێدابێت، جەختیش دەکاتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بە مەرجێک دڵنیاییان پێبدرێت كە شایستەی هەناردەکردنەکانی ڕابردوو، داهاتوویان ڕاستەوخۆ پێ بدرێت لەگەڵ پاراستنی مەرجە بازرگانییەكان,
ئەپیکور ئەوە دەخاتەڕوو، ئەگەر پێویست بە هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان بکات، ئەوا کۆمپانیاکان ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەردوو حکومەت.
مایڵز کاگینز وتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، ئەندامەکانی ئەپیکور بڕوایان وایە گفتوگۆی سێقۆڵی نێوان عێراق و هەرێم و كۆمپانیاكان، باشترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا.
سەرەکیترین گرفت پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن.
بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە، بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و کەرکوک لە 25-3-2023 ڕاگیرا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا.
كۆمەڵەی ئەپیکور پێشتر چوار مەرجی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت خستەڕوو كە بریتین لە: 1- هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. 2- پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتووش.
خاڵەكانی سێ و چواری مەرجەكان پەیوەستن بە گرێبەستەكان و پشكی كۆمپانیاكان لە نەوتی هەرێم، كە بەم شێوەیەن؛ 3- پێویستە پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، ڕاستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە. 4- پێویستە شێواز و ڕێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەكوو خۆی بمێنێتەوە.
تێبينيێك بنێرە: