موعجیزەی غەزە / هیوا جەمال

(0) / / مقالە / زایەڵە غەزە فەڵەستین


Jun 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەگەر ئیسرائیل هەر رۆژەی یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەی داگیربکردایە، دەبوو ئێستا ٦٥ لەسەتی شارەکەی لەژێر کۆنترۆڵدابێت، بەڵام غەزە ٢٤٠ چل رۆژە دەجەنگێت، ٧٥ لەسەتی وێرانکراوە هێشتا خۆی بەدەستەوە نەداوە.

ئەو سەرزەمینە بچووکەی جیهان، رووبەڕووی یەکێک لە بەهێزترین سووپاکانی جیهان بووەتەوە، بەجۆرێک قوربانییەکانی هێند زۆرن هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەک ١٢٩ تەرمی بەردەکەوێت و بەدرێژایی ٢٤٠ رۆژ، هەر رۆژەی ١٩٤ هاووڵاتی کوژراون و رۆژانە ٤٠٠ کەس برینداربوون.

کەرتی غەزە ٣٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەماوەی هەشت مانگی رابردوو ( لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) نزیکەی ٧٨ هەزار تۆن بارووت و تەقەمەنیی بەسەردا بارێندراوە، بۆ هەر کیلۆمەترێک ٢١٦ تۆن و بۆ هەر مەترێک چوارگۆشە ٢١٦ کیلۆگرام.

ئەگەر ئەو بارووت و تەقەمەنیانە بەر یەکەکانی نیشتەجێبوون کەوتبن، کە ٣٠٣ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە، هەر ماڵێک ٢٥٧ کیلۆ تەقەمەنی بەسەردا بارێندراوە، لەگەڵ ٣ هەزار و ٢٤٧ کۆمەڵکوژیی.

زۆرینەی هاووڵاتیانی کەرتەکە، واتە دوو ملیۆن کەس لەماوەی هەڵگیرسانی جەنگەکە دەربەدەر بوون، بەشێکی زۆریان لانیکەم چوار جار لە باکوور بۆ باشوور و بە پێچەوانەوە بنە و بارگەیان پێچاوەتەوە.

هەر بۆئەوەی زیاتر لە وردەکاریی و قەبارەی زیانەکانی جەنگەکە نزیک ببیتەوە، لەماوەی هەشت مانگی جەنگ، حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لەنێو نەخۆشخانەکاندا دروستبوون کە بەهۆی بۆردوومانەوە باڵەخانەی نەخۆشخانەکانیان بەسەردا رووخاوە، نزیکەی ٣٣ نەخۆشخانە بەتەواوی لەکار کەوتوون، سەرەڕای ٥٥ مەڵبەند و ١٦٠ دامەزراوەی تەندروستی و ١٣١ ئامبوڵانس.

هەر ئەوانە نا، ٨٨ هەزار و ٣٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بەتەواوی رووخاون، ١٩٢ فەرمانگەی حکومی و ١٠٩ دواناوەندی و زانکۆ و ٦٠٤ مزگەوت و سێ کڵێسە، ئەوە جگە لە دەیانی دیکە کە بەشێکیان رووخاون، لەگەڵ ٢٠٦ جێگەی شوێنەوار و کولتوریی.

ئەمانە بەشێکن لە ژمارەکانی ٢٤٠ رۆژ جەنگ لەسەر کەرتی غەزە، ئەو رووبەرەی یەک ملیۆن و ٩٥ هەزار نەخۆشی تێدایە، ٢٠ هەزاری نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر و ٦٠ هەزار ئافرەتی دووگیان کە لە دۆخی ئێمرجنسین، سەرەڕای ئەوانە ٣٥٠ هەزار کەس نەخۆشی درێژخایەنیان هەن.

ئەو کەرتەی بە یەکێک لە قەرەباڵخترین شوێنەکان لە جیهان دادەنرێت، هەروەکو مانگە دەستکردەکانی دەریانخستووە، بە نزیکەیی ٧٥ لەسەتی وێران بووە یان ژیانی تێدانەماوە، بەڵام ئەو دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسەی لە غەزە دەژین جگەلەوەی ١٦ ساڵە گەماڕۆیان لەسەرە، هێشتا دەجەنگن.

دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی دەستپێشخەریی بۆ راگرتنی جەنگەکە نەیشاردەوە چ زیانێکی گیانی و مادی لێکەوتووەتەوە، هەروەکو گوتی " گەلی فەلەستینیی لە دۆزەخی جەنگدا دەژین، ژمارەی زۆری بێتاوان کوژراون، لەوانە هەزاران منداڵ، هەروەها ژمارەی زۆر برینداربوون، هەموومان وێنەی تۆقێنەری بۆردوومانەکانی رەفەح دەبینین".