وەزارەتی دارایی و ئابووری: چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) کرا
(0) /
زایەڵە - وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویکردەوە، چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) کراوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەمە لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە رێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی 539 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەچوارچێوەی رێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان هەشت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
ئاشکراشیکرد، بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستا دەگاتە سێ هەزار و 917 فەرمانبەر، کە لە نێویشیاندا 368 یان کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و رادەستی تیمی هەژماری من کراوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا ئاشکرایکردووە، وەک وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: