زیاتر لە ٢٠٠ پاڵاوگەو شوێنی سوتەمەنی بێ مۆڵەت و نایاسایی هەڕەشەی جیدین لەسەر ژیان و ژینگەی كوردستان

(0) / / گفتگو / زایەڵە پاڵاوگەی هەولێر ئاگر


Jun 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند: لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (٢٠٠) پاڵاوگەو شوێنی سوتەمەنی بێ مۆڵەت و نایاسایی هەیە كە هیچ مەرج و ستانداردێكی سەلامەتی جێبەجێ ناكەن و هەڕەشەی جیدین لەسەر ژیان و ژینگەی خەڵكی كوردستان، لە ناخی دڵمەوە دوعا دەكەم ئەو ئاگرەی لەو پاڵاوگەیەی نزیك هەولێر كەوتووەتەوە دوور بێت لە زیانی گیانی و بە سەلامەتی كارمەندو خەڵك و كارمەندی بەرگری شارستانی كۆتایی بێت، بەڵام پێویستە ئەو ئاگرە گەورەیە مەترسییەكی گەورەترمان وەبیر بهێنێتەوە كە من لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ بە دواداچوونم بۆ كردوو و بەرپرسان و ڕایگشتیم لێ ئاگادار كردەوەو هەوڵی تەواوی یاساییم دا، وا جارێكیتر دەقی ئەو بەدواداچوونە وەكخۆی بڵاو دەكەمەوە، چونكە نەوەك هێشتا هەڕەشەو مەترسییەكان وەك خۆیانن، بەڵكو زیاترو چەند قات بوونەتەوە.

وتیشی: مەترسی‌‌و زیانی‌ پاڵاوگەو کۆگای‌ سوتەمەنی‌ لەسەر ژیان‌و ژینگەی‌ کوردستان ،لە هەرێمی‌ کوردستان نزیکەی‌ (٢٠٠) پاڵاوگەو شوێنی‌ كۆگاكردن ‌و گواستنەوەی‌ سوتەمەنی‌ بوونیان هەیە، زۆرینەی‌ ئەم پاڵاوگەو شوێن‌و گۆڕەپانانە مۆڵەتی‌ یاساییان نیەو هیچ یاساو ڕێنماییەکی سەلامەتی و ژینگەییان لەسەر جێبەجێ ناکرێت، هەروەها مەترسییەکی گەورەن لەسەر ژینگەو ئاوی ژێر زەوی‌‌و کشت‌و کاڵ‌و ژیانی‌ هاووڵاتیان، کە بەمجۆرە دابەشبوون،لە هەولێرلە سنوری پارێزگای‌ هەولێر، نزیکەی‌ (١٠٠) پاڵاوگەی‌ نایاسایی‌ هەن، لە ساڵی‌ (٢٠٢١)دا فەرمانگەی ژینگە توانیویەتی‌ بەدواداچوون تەنها بۆ نزیکەی‌ (٣٠) پاڵاوگەیان بکات، لەو ژمارەیە تەنها سیانیان ڕەزامەندی‌ ژینگەیان هەبووە، لە سلێمانی‌لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ (٤٤) شوێن‌و کۆگای‌ سوتەمەنی‌ هەیە کە مۆڵەتی یاسایی و ڕەزامەندی‌ ژینگەیان نیە. ٣ـ لە دهۆک لە سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک، لە کۆی‌ (٤٨) پاڵاوگەو شوێنی‌ کۆگاکردنی‌ نەوت‌و سوتەمەنی‌ نزیکەی‌ (٣٦)یان هیچ مۆڵەتێکی‌ یاساییان نیەو لە دەرەوەی‌ یاساو رێنمایی و ستانداردەكانی سەلامەتی و ژینگە کار دەکەن. 

هێمای بەوەشکرد:لە سەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)، یاسای‌ ژمارە (٣)ی‌ تایبەت بە هاوردەكردن‌و عەمباركردن وفرۆشتنی بەرهەمە نەوتیەكان لەهەرێمی كوردستان دەرچوو، بە پێی‌ ئەم یاسایە دەبوو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕێنمایی‌ تایبەت بە جێبەجێکردنی‌ ئەم یاسایە دەربکات‌و کۆتایی‌ بەم کارە نایاساییە مەترسیدارە بهێنێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەو وەزارەتە لەم بوارە هیچ هەنگاوێکی‌ کرداری‌ نەهاویشتووەو زۆر كەمتەرخەم و بێباكە لە بەرانبەر ئەركە ڕاستەقینەكانیدا كە ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانەوە.مەترسی‌ پاڵاوگەو شوێن‌و کۆگاکانی‌ نەوت‌و سوتەمەنی‌ نایاسایی جیدیە لەسەر ژیان‌و ژینی‌ خەڵکی‌ کوردستان‌ و بەردەوامی‌ ئەم حاڵەتە ڕاستەوخۆ هۆکارە بۆ نەخۆشی‌ کوشندە بەتایبەت زیادبوونی‌ تووشبووانی‌ شێرپەنجە لە كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا زۆرینەی ئەم پاڵاوگەو كۆگایانەی سوتەمەنی بەرپرسانی حزبەكانی دەسەڵاتیان لە پشتن، هەر بۆیە دەستی ئەم كەسانە بە فەرمانگەو فەرمانبەرێكی ژینگە ناشكێتەوە. 

کامەران کەریم