کاتژمێرەکانی دەوام لە فەرمانگەکانی کەرکووک و دەروبەری کەمکرایەوە

(0) / / عراق / زایەڵە کەرکوک مەروان عان


Jun 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کاتژمێرەکانی دەوام لە فەرمانگەکانی شاری کەرکووک و دەروبەری کەمکرایەوە.

مەروان عان بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کە سەرتاسەری عێراقی گرتووەتەوە ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی شاری کەرکووک و دەوروبەری گیراوەتەبەر.

باسی لەوەشکرد، پلەکانی گەرما لە کەرکووک بەجۆرێک بەرزبووەتەوە کە گەیشتوونەتە 50٠ پلەی سیلیزی.

ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بە بڕیاری حکوومەت و ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی شاری کەرکووک و دەوروبەری کەمکراوەتەوە و لە کاتژمێر 7:00 تا 13:00 دەبێت کە ئەو بڕیارە بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی فەرمانبەران دراوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی گەرمای بەتین زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە بەجۆرێک کە پلەکانی گەرما لەو ناوچانە 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە.

کامەران کەریم