پارێزگاری حەڵەبجە: ئێران ڕەزامەندی لە سەر بەنێودەوڵەتیکردنی دوو دەروازە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت

(0) / اقتصادی


Jan 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

 

پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ بەنێودەوڵەتی  کردنی هەردوو  مەرزی پشتە و  بیارە - شوشمێ، بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانیش ڕەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیان پێویست دەبێت.

 

بەپێی هەواڵی زایەڵە، ئازاد  تۆفیق،  پارێزگاری  هەڵەبجە  لە لێدوانێکی  تایبەتدا  بە  وێستگە نیوز- ی  ڕاگەیاند:" ئێمە   لەماوەی  ڕابردوودا پارێزگاری کرماشان  و  قائیمقامی  پاوە و  بەڕێوەبەری  ناحیەی  نەوسود لەتەرەفی  ئێرانی سەردانی کردووین  سەبارەت  به نێودەوڵەتیکردنی  مەرزەکانی  پشتە و بیارە - شوشمێ،   لایەنی  ئێمەش  کە پێکهاتبووین  لە پارێزگار و قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ لە ناحیەی بەمۆ لەگەڵیان دانیشتووین".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێرانیەکان بۆجارێکی  دیکە سەردانی هەڵەبجەیان  کرد ، ئێمەش  سەردانی   کرماشان  کردەوە ، لەتەرەفی  ئێرانەوە  کاری  بەنێودەوڵەتی  کردنی ئەو دوومەرزە  کۆتای  هاتووە  ."

 

 پارێزگاری  هەڵەبجە لەبارەی هەنگاوی داهاتوش باسی لەوەکرد، "ئێستا   چاوەڕوانی  ڕەزامەندی   وەزارەتی  دەرەوەی  حکومەتی  عێراقین ، لەسەردانی  سەرۆک  وەزیرانی  عێراق  بۆ هەڵەبجە   ئەو بابەتەمان  پێ ڕاگەیاند،  لۆبی  کورد لەپەرلەمانی  عێراق هەموویان  ڕازین لەسەر  کەیسی  هەڵەبجە بە  پارێزگا  بونەکەی  لەگەڵ کەیسی  هەڵەبجە بابەتی  ئەو دوومەرزە و بەنێودەوڵەتیکردنی کاری  باشیان کردووە، بە ئومێدین  کاری زیاتر لەو کەیسەدا بکەن ."

 

لەسنوری   پارێزگای  هەڵەبجە   دوومەرزی  لاوەکی هەیە ئەوانیش  مەرزەکانی  پشتە لەسنوری ناحیەی بەمۆ  و مەرزی بیارە -  شوشمێ لەناحیەی  بیارە ، بەنێودەوڵەتیکردنی  ئەم دوومەرزە هەلێکی زیاتری کار بۆ سنورەکە دەڕەخسێنێت و بوژانەوەیەکی   ئابورییش بۆ سنورەکە دەستەبەر دەکات.

کۆتایی./