ئەم فەرمانبەرانە وەرگرتنی زەوی نایانگرێتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە زەوی فەرمانبەر پێدانی زەوی


Jul 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى هەڵەبجە رایگەیاند، بەشێکى شارەوانییەکانیان کاروبارى ئامادەکردنى زەوى فەرمانبەرانیان لە کۆتایی نزیک بوەتەوە، ئەوەشى ئاشکرا کرد کە ئەو فەرمانبەرانەى سزادراون وەرگرتنى زەوى نایانگرێتەوە.

خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى هەڵەبجە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دوا کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران و دواى ئەوەى پێیان راگەیەنراوە فەرمانى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا دەرکراوە، دەستیان بە رێکارەکانى ئامادەکردنى زەوى کردوە.

وتیشی، کارى دابەشکردنى زەوى لە شارەوانییەکانى سیروان و بەمۆ و بیارە کارى ئیفرازکردنیشیان تەواو بوە و تەنها هەندێ کارى رۆتیناتیان ماوە تا مامەڵەکان رەوانەى تاپۆ بکەن و لە شارەوانى سیروان نزیکەى 300 زەوى ئامادە دەبێت و تا سێ مانگى دیکە زەوییان ئامادە دەبێت بۆ دابەشکردن.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە شارەوانییەکانى دیکەى سنورى پارێزگاکە زەوییان دیاریکردوە و لە هەفتەى داهاتوەوە گشتاندنیان بۆ دەکرێت.

ئەو بەڕێوەبەر ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە فۆڕمى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا مەرجێک هەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەى زەوى وەردەگرن، هەر فەرمانبەرێک سزاى زیندانى شەش مانگ تا دوو ساڵ یاخود پێبژاردنى دارایی تا سێ ملیۆن دینارى هەبێت ئەوا ئەگەر فەرمانى وەرگرتنى زەویشى هەبێت لێی وەردەگیرێتەوە و لەو مافە بێبەش دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 27ی3ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.

کامەران  کەریم