بافڵ تاڵەبانی: دواخستنی هەڵبژاردن هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی نەخوازراو ئاڕاستە دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە بافڵ تاڵەبانی یەکێتی پەرلەمان کوردستان هەڵبژاردن


Jul 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە -  سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی لە دیدار لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: پابەندین بەو وادەیەی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکردووە و پێویستە هەموو لایەنەکانیتریش پابەندبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن کرد.

لە دیدارەکەدا پرسی هەڵبژاردن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور و پاراستنی مافی هەموولایەک جەختیلێکرایەوە.

لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "پابەندین بەو وادەیەی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکردووە و پێویستە هەموو لایەنەکانیتریش پابەندبن، دواخستن و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە نەک خزمەت ناکات، بەڵکو هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی نەخوازراو ئاڕاستە دەکات".

دۆخیی ئەمنی و هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی: "هەڵوێستی ئێمە روونە و پشتگیریی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکەین وەک باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزترنەبوونی دۆخەکە، رێز لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دەگرین و پێشوازیی لە هەر هەوڵێکیش دەکەین کە ئامانجەکەی بەرقەرارکردنی ئاشتی و کاری پێکەوەیی بێت لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەتێکی نیشتمانی و پابەند بە پاراستن و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە، بڕوای تەواومان بە کاری پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە هەبووە لە بەڕێوەبردنی وڵات و ویستوومانە هەموولایەک لەچوارچێوەی دەستوور مافەکانیان پارێزراوبێت، پێویستە هەموولایەکیش ئەو راستییە بزانن تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتی فەرزکردنی ئیرادە بەسەرچووە و ئەوەی وڵات پێویستی پێیەتی، ئاشتی و ئارامی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستەترە بۆ خەڵکە خۆڕاگرەکەی نەک ململانێی ناڕەوا".

کامەران کەریم