سۆسێكی توون بووە هۆی داخستنی مەلەوانگەیەکی بەناوبانگ

(0) / / جهان / زایەڵە سۆس مەلەوانگە


Jul 20, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کەسێک لە مەلەوانگەیەکی بەناوبانگی ویلایەتی ماساچوسێتس-ی ئەمریکا بوتڵێکی شووشەی سۆسی توونی شکاند و کەوتە نێو ئاوی مەلەوانگەکەوە و بەهۆیەوە ئەو مەلەوانگەیە داخرا و نزیکەی 20 هەزار دۆلاریش زیانی پاککردنەوەیەتی.

 

مەلەوانگەكە سەر بە کۆمەڵگەی وەرزشیی رۆزماریی شاری نیدهامە و، بۆ پاککردنەوەی پێویستە هەموو ئاوەکەی بەتاڵبکرێت کە 220 هەزار گاڵۆن ئاوە و ئەو ماددانەشی کە بۆ پاککردنەوەی ئاوەکە بەکاردەهێندرێن دەبێت جارێکی دیکە بەکاربهێندرێنەوە کە کۆی تێچووی ئەوەش لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار دۆلاردایە.

 

بیکا راوش، سیناتۆری ویلایەتی ماساچوسێتس لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاند، ''هەموو کۆمەڵگەکە بەهۆی داخستنی مەلەوانگەی ئەو شارەوە نیگەرانن، هەموو ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەیە کە کەسێک ویستویەتی بوتڵێک سۆسی توون لەگەڵ خۆی بهێنێت''.

 

دانیشتووانی نیدهام لەبارەی ئەو رووداوەوە دڵتەنگن، چونکە زۆرێکیان پشت بەو مەلەوانگەیە دەبەستن بۆ خوێندنی وانەکانی مەلەکردن، مەشقی تیمی مەلەوانی، لەشجوانی و پشوویەکی تایبەت لە رۆژە گەرمەکاندا.

کامەران کەریم