هۆشداری دەدرێت؛ بارانی ناڕێك، زریانی توند یان وشكبوونەوەی توند پێشبینی دەكرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشوهەوا باران


Jul 27, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە _ زانایان لە توێژینەوەیەكدا كە رۆژی هەینی بڵاوبووەوە دەڵێن، گۆڕانی ئاووهەوا گۆڕانكاری لە شێوازی بارانبارین لە سەرتاسەری جیهاندا دروستدەكات، ئەمەش باهۆزی توند و زریانی بەدوادا دێت.

بەهێزترین زریانی ئەمساڵ تایوان و فلیپین-ی گرتەوە، ئەم هەفتەیەش چین كە بووە هۆی داخستنی قوتابخانە، كۆمپانیا و بازاڕە داراییەكان لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با تا 227 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.

بەهۆیەوە سەدان هەزار كەس لە كەناراوەكانی رۆژهەڵاتی چین گوازرانەوە، بەر لە گەیشتنی زریانەكە بۆ وشكانی لە پێنجەشەممەی رابردوودا.

زانایان دەڵێن، زریانە بەهێزەكان بەشێكن لە دیاردەیەكی فراوان لە دیاردە توندەكانی كەشوهەوا كە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمییەوە روودەدەن.

توێژەران بە سەرۆكایەتیی چانگ وین شیا لە ئەكادیمیای چینی بۆ زانستی زانیارییە مێژووییەكانی كەشوهەوا توێژینەوەكەیان ئەنجامداوە و، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی نزیكەی 75%ی رووبەری وشكانی لە جیهاندا بەرزبوونەوە لە "بارانبارینی ناڕێك" یان گۆڕانێكی فراوان لەنێوان كەشوهەوای وشك و شێداریان بەسەرهاتووە.

لە توێژینەوەكەدا كە لە گۆڤاری "ساینس" بڵاوكراوەتەوە توێژەران دەڵێن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بووەتەهۆی زیادبوونی توانای بەرگەهەوا لە پارێزگاریكردن لە شێداری ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی ناڕێكی زۆر لە بارانباریندا.

ستیڤن شیروود، زانا لە ناوەندی توێژینەوەكانی گۆڕانی ئاووهەوا لە زانكۆی نیو ساوس ویلز، كە بەشداربووی توێژینەوەكە نەبووە، وتی، "ناڕێكییەكان لە زۆرینەی شوێنەكاندا زیادیانكردووە، لەنێویشیاندا ئوسترالیا، ئەمەش واتە ماوەیەك بارانی زۆر بەهێز و ماوەیەكی وشكی زۆرتر لە رابردوو"

وتیشی، "ئەم دۆخە زیاددەكات لەگەڵ بەردەوامبوونی دیاردەی گەرمبوونی جیهانی، كە هەلی روودانی وشكبوونەوە یان لافاو زیاددەكات".

کامەران کەریم