چەند بڕیارێک لە پارێزگاری هەولێرەوە لە بارەی پیسبوونی ژینگەى شار و سزادانى سەرپێچیکاران

(0) / / کردستان / زایەڵە هەولێر پیسبوونی ژینگە سەرپێچیکاران


Aug 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.8.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دواى کۆبوونەوەى لە دیوانى پارێزگا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان "سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، چەند بڕیارێکی کۆبوونەوەى ڕاگەیاند و جەختى لەوەشکردەوە هەر لایەنێک پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان نەبێت، سزا دەدرێت.

هەروەها ئاشکراى کرد کە 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری هەولێر هەیە و بەنایاسایی کاردەکەن، ئەوانە دادەخرێن، بۆ پاڵاوگە یاساییەکانیش 10 رۆژ مۆڵەتیان دەدەرێت بۆ ئەوەی مەرجەکانى پاراستنى ژینگە جێبەجێ بکەن.

گوتیشى، بەشێکی زۆر لە موەلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکەکان لە ماوەى ڕابردوودا ڕەچاوی پاراستنی ژینگەیان نەکردووە و ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا گیراوەتەبەر، ئەویش پێبژارن و ئاگادار کردەنەوە بووە، بەڵام لەمەودوا ڕێکارەکان لە بەرانبەریان توندتر دەکرێت، بێجگە لە ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن، سزایی دەستگیرکردن و وەرگرتنەوەی شوێنی دانانی موەلیدەکانیش لەبەرامبەریاندا دەگیرێتەبەر.
 
دەقى بڕیارەکان:-

یه‌كه‌م/ داخستنی (138) پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگاى هەولێر.

دووه‌م/ ئه‌و پاڵاوگانه‌ی یاسایین، (10 رۆژ) مۆڵەتیان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی مەرجەکانى پاراستنى ژینگە جێبەجێ بکەن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێكاری یاساییان لەبه‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.

سێیه‌م/ كارگه‌ جۆراو جۆره‌كان، به‌ تایبه‌تى كارگه‌ی قیر، دەبێت گرفته‌ ژینگه‌ییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێكاری یاساییان لەبه‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.

چواره‌م/ یەک هەفتە مۆڵەت دەدرێتە بەو موەلیدانەی کە تاکو ئێستا مولیدەکانیان نەکردۆتە بێدەنگ (کاتم صوت)، دواى ئەو هەفتەیە ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر، هەروەها دەبێت گازی کوالێتیی باش بۆ کارپێکردنی موەلیدەکانیان بەکار بهێندرێت.

پێنجه‌م/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسى هاتووچۆی هه‌ولێر ڕاسپێردراوە، دەستبکات بە هەڵمەتێک به‌رامبه‌ر ئەو ئۆتۆمبێلانه‌ی كه‌ دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن و زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن، هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شه‌شه‌م/ داوا لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە وێستگەی هەڵمی خەبات مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکەن، چونکە ناڕەزایەتیی هاوڵاتییانی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.

حه‌فته‌م/ سەبارەت بە پاراستنى ژینگەى شاری هەولێر و بەدواداچوون و چاودێریکردنى جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمای و بڕیارانە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی جێگری پارێزگار پێکهێنراوە.

کامەران کەریم