باندێکی تایبەت بە کونکردن و دزینی نەوت لە عێراق دەستگیرکرا

(0) / / کردستان / زایەڵە نەوت دزی کۆمەڵایەتی


Aug 09, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە -  دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی 10 کەسی بەقاچاخبردنی نەوتی راگەیاند کە لە 5 پارێزگای عێراق بۆریی نەوتیان کونکردبوو.

 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "تیمەکانمان لە پارێزگای بەسرە گرووپێکی 10 کەسییان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە دزین و بەقاچاخبردنی نەوتی خاو. یەکێک لەوان کەسێکە لە کونکردنی بۆری شارەزایە و بەرپرسی ئەو گرووپە بووە کە لە 5 پارێزگا ئەو کارەیان کردووە". 

 یەکێک لەو کەسانە ژمارەیەک تانکەری لابووە و لەو کاتەی دەستگیرکراوە نەوتی خاوی بۆ بەقاچاخبردن ئامادە کردووە.

 تۆمەتبارەکان بەپێی حوکمەکانی مادەی 4ی تیرۆر و بڕگەی یەکەمی یاسای بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان راگیراون.

 بە وتەی لیوا زافر نەزمی حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی وزەی عێراق، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا 426 تۆمەتبار بە تۆمەتی دزین و بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 404 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلدا گیراوە؛ هەر لە هەمان ماوەدا دەستبەسەر 11 ملیۆن و 882 هەزار لیتر نەوت و بەرهەمی دیکەی نەوتدا گیراوە.

کامەران کەریم