سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێر باری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان
(0)
زایەڵە ـ ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" لیستەکانی مووچەی ھەرێم پڕن لە کێشە و وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێر باری ناردنی پارە بەو کەموکوڕیانەوە".
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" حکومەت و وەزارەتی دارایی ھەرێم ئامادە نین کێشەی لیستەکانی مووچە چارەسەر بکەن و کات بەڕێدەکەن".
ئاشکراشی کرد حکومەت و وەزارەتی دارایی ھەرێم بێباکن و ئامادەش نین بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچە جێبەجێبکەن.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق راشیگەیاندووە" لیستی ئەمنی کێشەی زۆری تێدایەو ھەزاران کەسی تێدایە بەبێ زانیاری یان بەبێ ناو، ھەروەھا دەیان ھەزار ناویش نەنێردراوە".
"وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێر باری ناردنی پارە بەو کەموکوڕیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک وەزیران داوای خەرجکردنی موچەی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت، تێبینییەکانی مانگی پێشوو چاک نەکراون، بۆیە ھێشتا بڕیاری ناردنی موچەی مانگی تەممووز نەدراوە"( سۆران عومەر وای وت).
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڵینی دابوو بە پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مووچەی مانگی تەموز لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رەوانەی هەرێم بکات بەڵام دواخرا .
تێبينيێك بنێرە: