بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ؛ بەرهەمی گەنم لە عێراق بەڕێژەی 21% بەرزبووەتەوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە گەنم کشتوکاڵ


Aug 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بەرهەمی گەنم لە عێراق ئەمساڵ بە ڕێژەی 21% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 6.3 ملیۆن تۆن، بەمەش دووەم ساڵە لەسەر یەک لەم بەرهەمە گرنگەدا خۆبژێوی بەدەستهێناوە.

حەیدەر نوری ئەلغەراوی، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی دانەوێڵەی عێراق، ڕایگەیاند، "بارانبارینی زۆر نائاسایی" و تەکنیکەکانی ئاودێری مۆدێرن بەشدارییەکی زۆریان کردووە لە زیادکردنی بەرهەمی ئەمساڵدا.

بەرهەمی گەنمی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە نزیکەی پێنج ملیۆن و 200 هەزار تۆن.  بەرهەمهێنان لەو وڵاتەدا زۆر پەیوەستە بە بارانبارین و ڕۆیشتنی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە.

حکومەتی عێراق پرۆگرامێکی پاڵپشتی بەڕێوەدەبات کە ساڵانە چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆن گەنم بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکات، هەروەها گەنمی ناوخۆ بە نرخێکی نزیکەی دوو هێندەی نرخی جیهان دەکڕێت بۆ ئەوەی هانی جووتیارانی ناوخۆیی بدات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان.

وتیشی:" گەنمی زیادەی ئەمساڵ کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن، بە میڵە تایبەتەکانی ناوخۆ دەفرۆشرێت بۆ ئەوەی بیکاتە ئارد.


حەیدەر نوری ئەلغەراوی، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی دانەوێڵەی عێراق،ئاماژەی بەوەشکرد، یەدەگی حکومەت تا مانگی نیسانی داهاتوو بەس دەبێت بەبێ ئەوەی پێویست بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوە نەبێت، بەڵام ڕەنگە میڵە تایبەتەکان هاوردە بکەن بۆ دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ ئاردی.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنمی لە ئەمریکا و ئوسترالیا و کەنەدا هاوردە کردووە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆی ئەمساڵ، وا دیارە ڕەنگە پێویستی هاوردەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە.