قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق کۆبووەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە قوباد تاڵەبانی کوردستان


Aug 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزاکە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە (18ی ئابی 2024) بە ئامادەبوونی رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران لە کەموکوڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی کۆڵییەوە.

لە دوای گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان، بڕیاردرا لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکەن.

سەبارەت بە کێشە خزمەتگوزارییەکانیش، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا. هەروەها بڕیار لەسەر دروستکردنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکە درا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق کرد، هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان و رایگەیاند رەزامەندیی هاوڵاتییان مەرجی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەڕێوەبەرێک لە پۆستەکەیدا و هەر کاتێک هەستبکرێت هاوڵاتییان لە ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەک رازی نین، گۆڕانکاری پێویست دەکرێت.

کامەران کەریم