بەغدا لەبارەی وەرگرتنی ڤیزای کار لەهەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد

(0) / / کردستان / زایەڵە ڤیزا پاسپۆرت


Sep 08, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو بیانیانەی ڤیزایان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە،  ناتوانن کار بکەن تا رەزامەندیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقیش وەرنەگرن.

لیوا نەشئەت بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی و نشینگە و پاسپۆرتی عێراق لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند "پەیڕەوی کاری پێدانی ڤیزا گۆڕاوە، لە پێشکەشکردنی ئاساییەوە بووەتە پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی ئەوەش بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەمانە دۆستانی سوورین، یان ئێرانی یاخود دۆست و هاوڕێیانی هەر وڵاتێکی دیکە بن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "میکانیزمێکی کارمان هەیە و پشتی پێدەبەستین لە پێدانی ڤیزای هاتنە ناوەوەی عێراق و حەوت بۆ هەشت جۆر ڤیزامان هەیە، ئەوەش لە رێگەی سەکۆی ڤیزای ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکرێن."

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، "ئەوانەی ڤیزایان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتووە، ئەو ڤیزایانە بە مانای ڤیزای کارکردن نایەن.

جەختی لەوەشکردەوە ئەگەر رەزامەندیی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نەبێت، مافی نییە لە هیچ شوێنێک کار بکات، لە هەرێمی کوردستان بێت یان بەغدا، یاخود هەر پارێزگایەکی دیکە."

راشیگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نشینگە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە کە سەرپێچیی یاسا دەکەن.

کامەران کەریم