نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابەزی و زیاتریش دادەبەزێ

(0) / / اقتصادی / زایەڵە بەنزین کوردستان ئابووری


Sep 10, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، پاش ئەوەی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینیان دایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێکی بەنزین 40 - 50 دینار دابەزیوە و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش داببەزێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بۆ زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی نرخەکەی لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، "هاوردەکردنیشی پێویستە بە پێی ئەو کوالێتییەی بێت لەلایەن لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە."

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان رۆژی 5ی ئەم مانگە لە فەرمانێکی وەزاریدا رێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەرکرد، بەوەش رۆژانە ئەو بەنزینەی دێت روو لە زیادبوونە، بۆیە چاوەڕوانی دابەزینی زیاتری نرخەکان دەکرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە نرخی بەنزین بە چەند قۆناخێک لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و، لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرز لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 925 دینار.

کامەران کەریم