كۆمسیۆن سیستەمی دابەشكردنی كورسی وكاندیدی براوەی بڵاوكردەوە /  30 كورسی بۆ ژنان یەكلایی بووەتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە هەڵبژاردن کۆمیسیۆن


Sep 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سیستەمی دیاریكردنی كاندیدی براوە و كورسی كۆتای ژنان و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەسەر لیست و كاندیدە براوەكاندا بڵاوكردەوە، بەگوێرەی سیستەمەكەش لەكۆی 95 كورسی دەنگدانی گشتی 30 كورسی بۆ ژنان یەكلایی بووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو سیستەمەكەی كە كۆمیسیۆنی بالای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەكان پەسەندیكردووە و كاری پێدەكرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان، كورسی كۆتای ژنان لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان دیاری ناكرێت و ۳۰ كورسی لە ۹٥ كورسی دەنگدانی گشتی بۆ ژنان دەبێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەپارێزگای سلێمانی ۳٦ كورسی دەنگدانی گشتی هەیە دەبێت ۱۱ كورسی بۆ ژنان بێت و لە پارێزگای هەولێر لە كۆی  ۳۲ كورسی ۱۰ كورسی بۆ ژنانەو لە پارێزگای دهۆك لە كۆی ۲٤ كورسی ٨ كورسی بۆ ژنانە و لەپارێزگای هەڵەبجە لەكۆی سێ كورسی كورسیەك تایبەتە بەژنان دیاركراوە.

هەربەپێی ڕێنمایەكانی كۆمسیۆن، دەنگی لیست و كاندیدە سەربەخۆكان جگە لە دەنگی كۆتای پێكهاتەكان لە  هەربازنەیەك لە زۆرترینەوە بۆ كەمترین ڕیز دەكرێن  ودواتر كۆی دەنگە دروستەكانی ئەو  پارێزگایە دابەشی ژمارەی  كورسی دەنگدانی گشتی پارێزگاكە دەكرێت، تا بەهای كورسیەك بزانرێت و پاشان دەنگی هەر لیستێك دابەشی بەهای كورسی دەكرێت و ژمارەی كورسیەكانی لیستەكان دیاری دەكرێت.

بەگوێرەی ئەو سیستەمەی كۆمیسیۆن كاری پێدەكات لەكاتی مانەوەی كورسیەك یان زیاتر بەبەتاڵی ئەوا زۆرترین ماوە (باقی ئەقوا) دەبێتە خاوەنی كورسی یەكەم و پاشان زۆرترین ماوەی دووەم دەبێتە خاوەنی كورسی دووەم تا دواتر، هاوكات لەناو كاندیدەكانی هەر لیستێك دەنگی كاندیدەكان لە زۆرترینەوە تا كەمترین ڕیز دەكرێت لەسێ كەس ژنێك هەڵدەبژێردرێت بەپێی زۆرترین دەنگ لەناو لیستەكەدا.

ئەوەشهاتووە، ئەگەر كۆتای ژنان بەو شێوەیە تەواو نەكرا ئەوا لەو لیستانەی دوو كورسیان هەیە كورسی دووەم بۆ ژنان دەبێت و ئەگەر بەو شێوازەش تەواو نەبوو ئەو لیستانەی یەك كورسیان هەیە كۆتای ژن هەڵدەبژێردرێت بەجۆرێك ئەو لیستانەی دوو كورسی یان یەك كورسیان هەیە لەو لیستانەوە دەست بە دانانی كۆتا دەكرێت كە كەمترین دەنگیان هێناوە بۆ نمونە ئەگەر لیستێك بە ۳۰ هەزار دەنگ دوو كورسی هێناو لیستێكی دیكە بە ۲٥ هەزار دەنگ دوو كورسی هێنا ئەوا كۆتای ژنان سەرەتا لە لیستی دووەم دیاری دەكرێت.

كورسی كۆتای مەسیحی و توركمان سیستەمی كۆتای ژنانی بەسەردا پیادە ناكرێت و چەند كاندید لە پارێزگایەك بۆ كورسی كۆتا ڕكابەر بوون ئەوا دەنگی یەكەم هەڵدەبژێردرێت، لەحاڵەتی یەكسان بوونی دەنگی دوو لیست یان دوو كاندیدی ناو لیستێك لەسەر كورسیەك ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی هەردوولا بە سیستەمی تیروپشك یەكلای دەكاتەوە.

کامەران کەریم