جومانە غەلای: بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازادانە بەڕێوە دەچێت
(0) /
زایەڵە - وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازادانە بەڕێوە دەچێت، بە لەبەرچاو گرتنی ئادابە گشتیەكان وتیشی" رێگە بە فەرمانبەرانی حكومەت نادرێت بانگەشە بۆ كاندیدەكان بكەن".
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازادانە بەڕێوە دەچێت، بە لەبەرچاو گرتنی ئادابە گشتیەكان، هەماهەنگیەکی باشیش دەکرێت، لەگەڵ دامودەزگای شارەوانیی پارێزگاکان".
وتیشی" رێنمایی لەبارەی هەڵواسینی پۆستەری کاندیدەكان دەرچووە، دەتوانین بڵێین بانگەشەی هەڵبژاردن لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە و لابردنی وێنە و پۆستەرەکان بەرپرسیارێتی کاندیدەکان دەبێت، هیچ هەڵمەتێكی بانگەشەی تایبەت لەلایەن کۆمیسیۆنەوە یان قۆرغکردنی ئامرازەكانی دیکە ناکرێت".
جومانە غەلای راشیگەیاند" رێگە بە فەرمانبەرانی حكومەت نادرێت بانگەشە بۆ كاندیدەكان بكەن لەڕێی بەكارهێنانی كارەكانیان یان هەر دامەزراوەیەكی سەربازی".
ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی چوارشەممە (٢٥) ئەیلولی (٢٠٢٤) وەك رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردو لە (١٥) تشرینی یەكەمی داهاتوو كۆتایی دێت.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و دەنگدانی تایبەتیش رۆژی ١٨ بەڕێوەدەچێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ یان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠یان دەنگدەری تایبەتن.
هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ١٤٣١ بنکەی دەنگدان دەبن و ١٢٦٦ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و ١٦٥یان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
تێبينيێك بنێرە: