کۆمیسیۆن لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنه‌وه‌ ڕێنمایی تەواو دراوە بەکاندیدەکان

(0) / / کردستان / زایەڵە کۆمیسیۆن کوردستان


Sep 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
  
زایەڵە - سبەینێ چوارشەممە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات‌و ڕۆژی 15ی‌ 10ی‌ 2024 کۆتایی دێت. وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان-یش ده‌ڵێت، "بانگەشە بەشێوەیەکی ئازادانە بەڕێوەدەچێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئادابە گشتییه‌کان".
 
دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،ئەنجومەنی کۆمیسیاران ئەمڕۆ کۆبووەتەوەو لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کردووە کە ژمارەیان 1191 کەسە.
 
وتیشی‌، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمیسیاران، سبەینێ چوارشەممە، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات‌و تا 15ی‌ 10ی‌ 2024 بەردەوام دەبێت.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، "کۆمیسیۆن هەنگاوی گەورەی بڕیوە لەجێبەجێکردنی خشتەی کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 20ی‌ 10ی‌2024 ئه‌نجامبدرێت".
 
هاوكات جومانە غەلای، وتەبێژی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بانگەشەی‌ هه‌ڵبژاردن بەشێوەیەکی ئازادانە بەڕێوەدەچێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئادابە گشتییه‌کان".
 
وتیشی‌، هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان كردووه‌ تایبه‌ت به‌هەڵواسینی پۆستەری کاندیدان‌و لابردنی‌ له‌دوای‌ هه‌ڵبژردن، ڕێنمایی لەو بارەیەوە دراوە.
 
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن، 136 لیست و هەزارو 191 کاندید ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە کە لەو ژمارەیە 823 کەسیان پیاوو 368 یان ئافرەتن، هەروەها پێکهاتەکانیش کە تورکمان و مەسیحییەکان دەگرێتەوە 38 کاندیدیان هەیە.
 
 سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لەهەموو كاندیدو لایەنەکان کرد پابەندی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن بن. له‌و ڕوه‌وه‌ وتی‌، "داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان‌و تەواوی وەزارەتەکان دەکەین هاوکاریی کۆمیسیۆن بکەن لەسەرخستنی هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد".
 
عومەر ئەحمەد ئه‌وه‌شی‌ وت، "دوپاتیدەکەمەوە، پیشەییانەو بێلایەنانە کاردەکەین بەئامانجی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەرد.
 
کامەران کەریم