ڕێوشوێنی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

(0) / / کردستان / زایەڵە کۆمسیۆن هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان


Sep 25, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - کۆمسیۆن ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کامێرای چاودێری دادەنرێت.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکا: کۆمیسیۆن رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی پاک و دوور لە دەستێوەردان.

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران بە شێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت گەر جیاوازی ژماردنەکە 5% بوو ئەوا پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر جیاوازی نێوان ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی زیاتر لە 5% بوو، ئەوا بنکەکە بە تەواوی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی و دووبارە دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کامێرای چاودێری لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێت و مافی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە شێوەی نهێنی پارێزراو دەبێت لە ڕێگەی کامێراکانەوە چاودێری پرۆسەکە دەکرێت و دەبێت دەنگدەر ئازادانە دەنگ بدات.

کارتی بایۆمەتری گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەی پاک و خاوێن دەکات چونکە کارتەکە ساختە ناکرێ و پەنجە مۆرو وێنەی دەم و چاوی دەنگدەری پێوەیە کەس ناتوانێت لە جێگەی کەسی تر دەنگ بدات، و ئامێری ئەلیکترۆنی گەرەنتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و خاوێن دەکات چونکە پێشتر تاقیکراوەتەوە.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەرگای بۆ چاودێرانی ناوخۆی و نێو دەوڵەتی کردووەتەوە تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.

کامەران کەریم